نێچیرڤان بارزانی و تیلەرسۆن گرژییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق تاوتوێ دەكەن.

ئەمڕۆ هەینی 3/11/2017 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەڕێز ڕیكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا نیگەرانیی خۆی لە گرژییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی و پشتگیریی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای بۆ مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە عیراق دووپات كردەوە. هەروەها هیوای خواست كە ئەو ئاگربەست و دیالۆگە مەیدانییەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عیراقی فیدرالدا هاتۆتە ئاراوە، ببێتە دیالۆگێكی سیاسی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە هەوڵەكانی عیراق بۆ بەردەوامیدان بە پێشڕەویی سەربازی، هەموو ئامادەییەكی هەرێمی كوردستانیش بۆ دەسپێكردنی دیالۆگێكی سیاسی لەپێناو چارەسەری ئاشتیانەی كێشەكان دووپات كردەوە‌ و هیوای خواست ئەمەریكا بەتایبەتی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی هانی عیراق بدەن بۆ گفتوگۆ و دووركەوتنەوە لە گرتنەبەری ڕێكاری سەربازی، جەختیشی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان شەڕ و پێكدادانی ناوێت چونكە هیچ شتێك چارەسەر ناكەن، بەڵكو دەیەوێت هەموو كێشەكان لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا لەگەڵ حكوومەتی عیراقی فیدرال چارەسەر بكات.

 

Back to top button