لە قەرەهەنجیر شەڕ لەنێوان خۆبەخشەکان و حەشدی شەعبی دروستبوو

لە شارۆچکەی قەرەهەنجیری سەر بە پارێزگای کەرکووک، چەند پێشمەرگەیەکی خۆبەخش رووبەڕووی مەفرەزەیەکی حەشدی شەعبی بوونەوە و شەڕ دروستبوو، بەڕێوەبەری شارۆچکەکەش دەڵێت: “تەقەکارەکان دەناسین و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکەین”.

سەرچاوەیەک لە شارۆچکە (ناحیە)ی قەرەهەنجیر  رايگەیاند، کاژێر 09:30 خولەکی ئەمشەو 3- 11- 2017، چەند پێشمەرگەیەکی خۆبەخش رووبەڕووی مەفرەزەیەکی حەشدی شەعبی بوونەوە و شەڕ دروستبوو، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو و شەڕەکەش زیاتر لە کاژێرێکی خایاند.

هاوکات ئاڤێستا محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر کە کوردە، رايگەیاند، چەند کەسێکی گێرەشێوێن تەقەیان لە هەمەڕێکی حەشدی شەعبی کردووە و بەهۆیەوە شەڕ دروستبووە، ئەوانەشی تەقەیان کردووە کۆمەڵێک کەسی تێکدەرن. گوتیشی: “تەقەکەرەکان دەناسین و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکەین”.

شارۆچکەی قەرەهەنجیر ناوچەیەکی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە، بەدووری 15 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری کەرکووک هەڵکەوتووە و دەکەوێتە سەر رێگاى کەرکووک – سلێمانى، لە 16 ئۆکتۆبەریش هاوشێوەی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە کەوتە ژێر دەستی حەشدی شەعبی.

Back to top button