سەرۆكی میلیشیایەكی شیعە بەم نزیكانە هەرێمی جۆلان ئازاد دەكەین لە دەستی ئیسرائیل

دوای داگیركردنی كەركووك لە لایەن میلیشیاكانی عێراق و سوپای پاسدارانی ئێران بە هاوكاری گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتی, بەر پرسێكی باڵای حەشدی شەعبی رایگەیاند:” سوپاسی ئەو پێشمەرگانە دەكەین كە هاوكاریان كردین لە گەڕاندنەوەی كەركووك و وە حاجی قاسم سولەیمانی رۆلێكی گەورەی هەبوو لە كۆنتڕۆلكردنەوەی ئەو ناوچانە”.

ئەكرەم كەعبی، سكرتێری گشتی میلیشیای چەكداری “نوجەبا”ی عێراقی، كە راستەوخۆ سەر بە ئێرانە رایگەیاند، حاجی قاسم سولەیمانی رۆڵێكی باشی هەبوو لە چارەسەركردنی كێشەی كەركووك و ناوچە “جێناكۆكەكان” و چوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ ئەو ناوچانە.

ئەكرەم كەعبی گوتیشی: “هەندێك لە هێزە نیشتمانییەكانی (پێشمەرگە) هاوكارییان كردین و بەبێ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەك و قوربانییەك هێزەكان چوونەتە ئەو ناوچانە”.

كەعبی لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی “الاخبار”ی لوبنانی، سەر بە حزبوڵڵا، رایگەیاندووە، شێوازی چۆنیەتی گەیشتنی چەكدارانی میلیشیاكەی و میلیشیا شیعەكانی دیكەی سەر بە ئێران، كە لە بەرژەوەندی رژێمەكەی ئەسەد دەجەنگن روونكردەوە و گوتی: “وەكو گرووپێكی گەشتیاری و سەردانیكار دەچنە سووریا، لەوێش چەكوچۆڵ و كەلوپەلی سەربازییان بۆ ئامادە كراوە”.

روونیشیی كردەوە، حكوومەتی عێراق هیچ پەیوەندییەكی بە هێزەكانی ئەوەوە نییە و ئەوان گرووپێكی گەشتیارین بە شێوەیەكی ئاسایی و یاسایی چوونەتە سووریا.

میلیشیای “نوجەبا” راستەوخۆ سەر بە عەقیدەی عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای ئیسلامی ئێرانە و یەكێكە لەو دەیان میلیشیایەی كە ئێران بۆ شەڕكردن لە بەرژەوەندی رژێمەكەی ئەسەد، رەوانی سووریای كردوون.

میلیشیاكان رۆڵێكی دیارییان لە شەڕەكانی رۆژهەڵاتی دیمەشق و دەشتەكانی حیمس و دێرەزوور و حەلەب هەبووە و لە چەندین ناوچەی دیكەش، شانبەشانی سەربازانی رژێمەكەی ئەسەد جەنگاون.

لە بارەی “لیوای ئازادكردنی جۆلان”ی سەر بە میلیشیای “نوجەبا” رایگەیاند، لیواكە لەناو خاكی سووریا بوونی هەیە و دەجەنگێت، دووپاتیشی كردەوە، ئەگەر لەلایەن رژێمی سووریاوە بۆ “ئازادكردنی جۆلان” داوایان لێبكرێت، بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكەدا دەكەن.

جەختی لەوەش كردەوە، میلیشیاكەیان هاوكاری هەر هێزێك دەكات، كە لە دژی ئیسرائیل دەجەنگێت.

Back to top button