بەبێ پارتی و یەكگرتوو یەكێتی ناتوانێ پارێزگاری كەركووك وەربگرێتەوە

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاشكرای كرد، بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركووك، چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەندامانی پارتی و یەكگرتوون لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەكەن و گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتیش هێما بۆ ئەوە دەكات، كە پێویستە كاندیدی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركووك، مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە دیاری بكات، نەك باڵێكی ناو یەكێتی.
ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كە نوێنەری یەكێتییە و سەرۆكی لیستی برایەتی كەركووكە رایگەیاندووە، ئەندامانی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا گەڕاونەتەوە كەركووك و چاوەڕێی هاتنەوەی ئەندامانی پارتی و یەكگرتوون لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەكەین، دوای گەڕانەوەی ئەوانیش كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا ساز دەكرێ بۆ دانانی پارێزگاری نوێی كەركووك، ئەگەر ئەوان بگەڕێنەوە، ئێمە دەبینە زۆرینە و دەتوانین بە دەنگدان پۆستی پارێزگار بۆ خۆمان یەكلا بكەینەوە.
هەروەها عەدنان كەركووكی گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوبارەوە ڕایگەیاند، بەشێك لە ئەندامانی ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك فەرمانی گرتنیان هەیە، لەبەر ئەوەی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیان داوە، بۆیە گەڕانەوەیان بەو شێوەیە ئاسان نییە.

هەروەها گوتی، جیا لەوەش كاندیدی كورد بۆ پارێزگاری كەركووك پێویستە لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دیاری بكرێ، نەك باڵێكی یەكێتی كاندید بۆ خۆی دیاری بكات، هاوكات ئێستە عەرەب و توركمانی كەركووك نایانەوێ هیچ یەكێك لەو پۆستانە بە كورد بدرێتەوە بەتایبەت پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئێستەیش فەرماندەیەكی سەربازی حاكمی كەركووك و بڕیارەكان لەلایەن ئەوەوە دەردەكرێ.

 

Back to top button