فوئاد مەعسووم پرسەنامەیەك ئاراستەی قاسم سولەیمانی دەكات
د. فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق بەبۆنەی كۆچی دوایی باوكی پرسەنامەیەك ئاراستەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دەكات.
فوئاد مەعسووم لە پرسەنامەكەدا رایگەیاندووە: “بەداخەوە هەواڵی كۆچی دوایی باوكتانم پێگەیشت، خودای گەورە بە بەهەشتی بەرینی شادبكات، داواكارم ئێوەش لەبەرامبەر ئەم خەمە گەورەیەدا سەبر و پشوودرێژ بن”.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 31-10-2017، محەممەد سولەیمانی، باوكی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە تەمەنی 95 ساڵیدا لە شاری كرمان لە باشووری ئێران كۆچی دوایی كرد.
قاسم سولەیمانی لە ساڵی1997 ەوە پۆستی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی وەرگرتووە، بەڵام ناوەكەی بۆ یەكەمجار لەدوای هێرشی ئەمریكا بۆ سەر عێراق لە میدیاكانی رۆژئاوا بڵاوكرایەوە، ئێستاش یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانە و بە “شمشێری ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست” ناسراوە.
سوپای قودس لقی چالاكییە دەرەكییەكانی سوپای پاسدارانە، بۆیەش لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سولەیمانی بەردەوام لەنێوان عێراق، سووریا و تەنانەت یەمەن لە هاتووچۆدا بووە.
سولەیمانی بەشداری جەنگی دژی كوردی كردووە و ئەزموون و ناوبانگە بەراییەكەی بۆ جەنگی دژی هێزە كوردییەكان دەگەڕێتەوە. ناوبراو لە سەرەتای ژیانی سەربازی خۆیدا رەوانەی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان كراوە، بۆئەوەی لەوێ لە دژی هێزە كوردییەكان شەڕبكات، كە ئەوكات ناوچەیەكی بەرفراوانیان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەژێر دەستدا بوو.
سولەیمانی لە هێرشەكانی 16 ی ئۆكتۆبەری سەر كەركووك و باشووری كوردستان رۆڵی هەبووە، هەمان رۆژ فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند، حەشدی شەعبی بەپاڵپشتی سوپای پاسداران و بەسەرپەرشتی حاج عەلی ئیقبالپوور، نوێنەری سولەیمانی هێرشەكەی ئەنجامداوە.
سولەیمانی بەوە بەنێوبانگە كە لە یەك مەیدانی جەنگ نامێنێتەوە، هەر بۆیە میدیاكانی رۆژئاوا بە “فەرمانڕەوای سێبەر” ناوی دەبەن. پێشتریش فوئاد مەعسووم رایگەیاندبوو كە قاسم سولەیمانی راوێژكاریی سەربازیی وەزارەتی بەرگریی عێراقە.