هێزێكی میلیشیاكانی حەشد چوونەتە نێو سووریاوە
یەكێ لە میلیشیاكانی حەشدی شیعی عێراق بە ناوی (كەتایبی حزبوڵای عێراق) دەچنە نێو خاكی سووریاوە و بەشداری شەڕێك دەكەن لە ناوچەی بوكەمالی سنووری نێوان سووریا و عێراق.
ئەمڕۆ شەممە جەعفەر حوسەینی گوتەبێژ بەناوی میلیشیای حزبوڵای عێراق رایگەیاندووە كە ئەوان شەڕی داعش لە سنوورەكانی سووریا و عێراق بەیەكەوە دەبەستنەوە، چونكە ناتوانن شەڕی داعش لە هەردوو ناوچەی بوكەمالی سووریا و قائیمی بەغدا جیابكەنەوە، بۆیە شەڕەكە دەكەنە یەك بەرە.
حوسەینی لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی مەیادینی سەر بە حزبوڵای لبنانی ئەوەشی گوتووە كە دواین مۆڵگەكانی داعش كەوتووەتە سەر سنووری سووریا و عێراق.
بەگوێرەی ئەم پێشڤەچوونە، ئێستە حزبوڵای لبنانی و حزبوڵای عێراقی وەكو میلیشیایەكی یەكگرتوو لە لبنانەوە تا عێراق كار دەكەن.