نەوشێروان مستەفا ئامانجەكەی پێكا لەناو یەكێتی دا .. بزانە ئامانجی چی بوو

خواكوڕك
پاش ئەوەی ناوەندی بریار لەناو یەكێتی لەلایان باڵی جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی راگەیاندرا، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە نەوشێروان مستەفا ئامانجەكەی پێكا لەناو یەكێتی و یەكێتی گەیاندە دۆخێك ئەستەمە پاشەكشە بكات.
 
نیاز حاجی رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی لە نووسینێكی دا كە لە تۆری كۆمەڵایەتی فیس بووك بڵاوی كردۆتەوە لەژێر ناونیشانی، دوای کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم صالح ، نۆرەی مەلا بەختیارە، دەلێت (نەوشێروان مستەفا) لەو کاتەی (مام جەلال) تەندروستی باش بوو ، گوشاری زۆری کرد تا (کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم صالح و مەلابەختیار) لە یەکێتی دوربخرێنەوە ، نەک مام جەلال هەر بە گوێی نەکرد، بەڵکو (کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم صالح)ی وەک جیگرانی خۆی دەستنیشان کرد و (مەلا بەختیار)یش وەک بەرپرسی کارگێری مەکتەبی سیاسی ، بۆیە نەوشێروان مستەفا لە هەناوی یەکێتی جیا بووە و پیلانی تێکدانی یەکێتی دانا و دواتر توشی ئیفلیجی کرد .
 
هەروەها حاجی لەدرێژەی نووسینەكەی دا دەلێت :دوای نەخۆشکەوتنی (مام جەڵال) ، (نەوشێروان مستەفا) زیرەکانە لە رێگای (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)ەوە هەوڵەکانی خۆی بەگەڕ خستەوە ، لە رێکەوتنێکی سیاسیدا بەرنامەی دورخستنەوەی هەرسێ سەرکردەی دارشت ، هەردوو جێگر هەستیان بەو پیلانەی (نەوشێروان مستەفا) کردوە و ئەگەر رێگری لێ نەکەن ئەوا هیچ ئایندەیەکیان لە ناو یەکێتی نابێت ، ئەو پیلانەی (نەوشێروان مستەفا) بەردەوامی دەبێ ، ئەگەر سەرکەوتوو بێ لە دورخستنەوەی هەردوو جێگر ، نۆرەی (مەلا بەختیار)یش چەند مانگێکی تر دێت، لەبەرژەوەندی دۆخی ئێستای کوردستاندا نیە باڵی ناوەندی بڕیار لە یەکێتی جیاببنەوە ……. بۆ ؟
 
لەوەڵامی پرسیارەكەی دا نیاز حاجی دەلێت:چونکە لەناو باڵەکانی یەکێتیدا تەنها ئەو باڵەی کە ئێستا ناوەندی بڕیاریان دروست کردوە رێگرن لەبەردەم دابەشکردن و جیاکردنەوەی سلێمانی ، ئەوان ڕێگرن ئەو خەونەی ( نەوشێروان مستەفا) بێتە دی ، هەر بۆیەش پیلان بۆ دورخستنەوەیان دادەنرێت تا دوای ئەوە ، جیاکردنەوەی سلێمانی بکرێت بە ئەمری واقع ، نابێت هیچ کوردێکی دڵسۆز هاندەری جیابونەوەی ئەو باڵەی ناوەندی بڕیار بن، هەروەها دەشنووسێت، کورد لە هەموو جیابونەوە و دابەشبونی حزبە گەورەکانی کوردستان زیانمەند بووە ، لەبەر چاومانە بە جیابونەوەی نەوشێروان مستەفا دۆخی سیاسی هەرێم بە چ ئاقارێکدا رۆیشت ، بەم جیابونەوەیەش بە دڵنیاییەوە ئالۆزتر دەبێت ، کوردستان لە دواقۆناغەکانی دروست بوونی قەوارەی خۆیەتی ، ئالۆزی زیاتر خزمەتی دۆخەکە ناکات .
 
نیاز حاجی لەكۆتای نووسینەكەی دەشنووسێت، هەرچەندە بەیاننامەکەی جێگرانی سکرتێری گشتی زۆر راستی تاڵی بۆ یەکێتی تێدا خراوەتە روو ، قوڵایی ئەو قەیرانانە بەدیار دەخات کە سەروسیمای یەکێتیان داپۆشیوە ، ئەو راستیانەی ناو بەیاننامەکە جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنن و دەبێ تەواوی خەڵکی کوردستان لەو راستیانە ئاگادار بکرێن وەک دان پێنان بەوەی کە باڵێکی یەکێتی دەستی هەبووە لە بڕینی موچە و قوتی خەڵک ، گەندەڵی و بە تاڵانبردنی نەوت ، قورغکردنی دەسەڵات لە دەڤەری سەوزنیلی ، هەوڵی جیاکردنەوەی سلێمانی ، دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ دوژمانی کورد .
Back to top button