هێزەكەی لاهور بەرپرسی پێشمەرگە خۆبەخشەكانی خورماتووی لە سنووری سلێمانی دەستگیر كرد
دوای ئەوەی شەوی رابردوو گرووپێكی پێشمەرگە خۆبەخشەكان, لە ناحیەیی قەرە هەنجیر رووبەرووی چەكدارانی حەشدی شەعبی بوونەوە, بەرێوەبەری ناحیەیی قەرەهەنجیر یش دوای رووداوەكە پێشمەرگەخۆبەخشەكانی بە گێرەشێوێن و تێكدەر ناوی بردن, ئەمڕۆ سەرپەرشتیاری پێشمەرگە خۆبەخشەكان لە لایەن هێزێكی لاهور كە بەناو ئاسایشی یەكێتین دەستگیر كراوە.
لەو بارەیەوە عەقید كاوە مەلا پەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو ڕیاگەیاند: “سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 4/11/2017، سەباح نەدیم، بەرپرسی پێشمەرگە خۆبەخشەكانی خورماتوو، لە بازگەی دۆكان لەلایەن ئاسایشی یەكێتییەوە دەستگیر كراوە“. ئەوەشی ڕوون كردەوە كە ھەر كەسێك ھەڵوێستێكی كوردانەی ھەبێ، لەلای گرووپێكی یەكێتییەوە قەبوڵكراو نییە و دەخرێتە ڕیزی ئەو كەسانەی كە پێیانوایە دەبێ دەستگیریان بكەن.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە چەند كەسێكی دیكەش لەگەڵ سەباح نەدیمدا دەستگیر كراون. روونیشی كردەوە: ”ئامانج لە دەستگیركردنی سەباح نەدیم بۆ چاوشكاندنی خەڵكی خورماتووە، تاوەكوو هیچ هەڵوێستێكی كوردانە نەنوێنن، چونكە دەزانن ئێستا لە ناو خورماتوودا حزبایەتی نەماوە و تەنیا ھەستی نەتەوایەتی لە ناو خەڵكدا ھەیە”.
ئەو بەرپرسەی ئاسایشی خورماتوو ئەوەی نەشاردەوە كە ئەگەر هەیە سەباح نەدیم بەهۆی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەوە دەستگیر كرابێت كە لە كاتی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر و دوای كشاندنەوەی هێزەكانی سەر بە گرووپەكەی یەكێتی بڵاو كرایەوە كە تێیدا سەباح نەدیم داوا لە سەرۆك بارزانی دەكات، فریای خەڵكی خورماتوو و پێشمەرگە خۆبەخشەكان بكەوێت و هاوكارییان بكات تاوەكوو بەرامبەر بە هێرشی میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵا) بەرگری بكەن.
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی یەكێتی، پەلاماری خورماتوو، كەركووك و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆكتۆبەر كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی
ی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی نێو یەكێتی دایە“.