كۆنگریسی ئەمریكا سزای پەیوەستدار بە “تیرۆر” بەسەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبیدا دەسەپێنێت

 

كۆنگریسی ئەمریكی سوورە لەسەر دەركردنی پرۆژە یاسایەك، كە ئامانج لێی سەپاندنی سزای پەیوەستدارە بە “تیرۆر” بۆ سەر سێ گروپی نێو میلیشیای حەشدی شەعبی.

كۆنگریس، پرۆژەیاساكەی خستووەتە كارنامەی خۆی بۆ ئەوەی لەكاتێكی تردا، ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو تاوتوێی بكەن و سزا بۆ سەر عەسائیب ئەهلولحەق و بزووتنەوەی نوجەبا و حزبوڵڵای عێراق، بسەپێنن.

ئەو سێ میلیشیایەی نێو حەشدی شەعبی، ئەوە ناشارنەوە كە ئەوان سەر بە ئێرانن، بەڵام لەژێر لیوای میلیشیای حەشدی شەعبی كە زیاتر لە 67 گرووپ لە خۆدەگرێت و دوای كەوتنی مووسڵ بەدەست داعش لە حوزەیرانی 2014 دروست بوو، كار دەكەن.

بەپێی پرۆژە یاساكە، كە ترینت فرانكس و براد شیرمان، هەردوو ئەندامی كۆنگیرس، ئامادەیان كردووە، سزای پەیوەستدار بە “چالاكی تیرۆریستی” بۆ سەر ئەو گرووپانە دەسەپێنرێت، كە لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو چەكدارەكانیان لە ئێران مەشقیان پێدەكرێت.

هەواڵەكە لە ماڵپەری كۆنگریسی ئەمریكی بڵاوكراوەتەوە، بەڵام بە بێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بخاتەڕوو.
ئەم هەوڵە دوای چەند ڕۆژێك لە داوایەكی ڕیكس تیلەرسۆن، وەزیری ئەمریكا، داوای لە حكوومەتی عێراق كرد، میلیشیا ئێرانییەكان دەربكات.

Back to top button