په‌رله‌مانتارێكى گۆڕان: حكوومه‌تى عێراق سووره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و بودجه‌ى 2018ى په‌سه‌ند كرد

په‌رله‌مانتارێكى گۆڕان، ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ عێراق سورە لەسەر ھەوڵەکانی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەرێمی کوردستان و ھەنگاونان بۆ نەھێشتنی مافەکانی کورد لە دەستور. ئاشكراشی ده‌كات، كه‌ له‌دانیشتنێكى ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا، پرۆژه‌یاسای بودجه‌ى 2018 به‌بێ ڕه‌زامه‌ندى وه‌زیره‌ كورده‌كان، په‌سه‌ند كراوه‌ و ئه‌وه‌ش مه‌ترسی زۆرى بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌.

مه‌سعود حه‌یده‌ر، په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مان، ڕای گه‌یاند: “ئەمرۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتی، ئیبراھیم جەعفەری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، گفتوگۆى پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨ عێراقی کرد”.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ (فه‌یسیووك) ئاشكراى كردووه‌، كه‌ جگە لە دوو وەزیرە کوردەکە، ھەموو وەزیرەکان پرۆژەکەیان پەسەند کردووە: “باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە عێراق رێز لە دەستور و ڕای مەرجەعییه‌ت و سازانى سیاسی ناگرێت و  لەسەر بنەمای داتای گوماناوی و دەستەواژەی ھەرێمی کوردستان ئەگۆرن بە (شمال العراق) و پارێزگاکانی ھەرێم”.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى گۆڕان، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ بەردەوامبوون لەسەر ئەو بەرنامە و نەھجەی عێراق خۆئامادەکردنە بۆ لەتکردنی ھەرێمى كوردستان و ھەڵوەشاندنەوەی و خۆئامادەکردنیشە بۆ گۆرینی دەستوری عێراق و لابردنی ئەو مادانەی کە مافی کوردیان تێدا ده‌سته‌به‌ر كراوه‌.

مه‌سعود حه‌یده‌ر، هه‌روه‌ها نووسیویه‌تى: “بە نەھێشتنی سێ پارێزگا لە چوارچێوەی ھەرێم، بەربەستی رەتکردنەوەی گۆرینی دەستوور ناھێلن و کورد دەبێت زۆر وریا بێت و ھەڵوێستی توندی ھەبێت”.

Back to top button