بەڤیدیۆ.. عەبادی تۆمەتباردەكرێت بە دزینی دەیان ملیۆن دۆڵار لە بانكی ناوەندی عێراق
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەك كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بلاو بووەتەوە، دەردەكەوێت لەو كاتەوەی عەبادی سەرۆكایەتی حكوومەتی وەرگرتووە تا سەرەتای ساڵی 2017، دەیان ملیار ملیار دۆلار لە خەزێنەی حكوومەت، دیار نەماوە.
لەسەرەتای گرتە ڤیدیۆییەكەدا، كە بۆ ئەو كاتە دەگەڕێتەوە حەیدەر عەبادی، لە دوای نووری مالیكی، سەرۆكایەتی حكوومەتی وەرگرت، دەڵێت: “بۆ چی پارەی یەدەگمان لە بانكی ناوەندیدا نەماوە”. كە وەك چاودێران شیانكردەوە، عەبادی مەبەستی لەوە بووە مالیكی بەشێوەی گەندەڵی دەستی بەسەر ئەو پارەیەدا گرتووە، بەتایبەت كە یاسای بودجەی ساڵی 2014، نەبرایە پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی.
بەڵام بەدوای عەبادی، عەلی عەلاق، كە بەماوەیەكی كەم پێش ئەوەی مالیكی كورسی دەسەڵات بەجێ بهێڵێت، پۆستی پارێزگاری بانكی ناوەندی بەوەكالەت وەرگرت، دەڵێت: “لەكۆتایی ساڵی 2014 و سەرەتای وەرگرتی پۆستەكە، یەدەگی بانكی ناوەندی بریتی بوو لە 66 ملیار دۆلاری ئەمریكی، بەڵام بابزانین لە ساڵانی 2015 و 2016 چی ڕوویدا؟”.
پارێزگاری بانكی ناوەندی، ئاشكرای دەكات، كە لە ساڵی 2015 بڕی یەدەگ بۆ 53.7 ملیار دۆلار دابەزی و لەساڵی 2016 بۆ 45.3 ملیار دۆلار دابەزی.
كە چی حەیدەر عەبادی لە درێژەی لێدوانەكەیدا دەڵێت: “كاتێك خەزینەی بانكم وەرگرتووە، تەنها سێ ملیار دۆلاری تێدا بووە و بڕی 15 ملیاریش قەرزار بووین”.
بەدوای ئەواندا پەرلەمانتار حەنان فەتلاوی، لە دانیشتنێكی پەرلەماندا ئاشكرای دەكات، كە بەپێی خشتەیەكی بانكی ناوەندی، لە سەرەتای ساڵی 2014 دا بڕی یەدەگی بانكی ناوەندی بریتی بووە لە 81 ملیار دۆلار، بەڵام لەكۆتایی ئەو ساڵەدا یەدەگ دابەزیوە بۆ 66 ملیار دۆلار. لە سەرەتای ساڵی 2015 بڕی 66 ملیار دۆلار بووە و لە ساڵی 2016 دابەزیوە بۆ 45 ملیار دۆلار.
حەنان فەتلاوی، لەدانیشتنەكەدا لە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی دەپرسێت: “بۆ چی لەماوەی دوو ساڵدا دابەزینێكی خێرا لە یەدەگی بانكدا دروست بووە، ئەمە مەترسییەكی گەورەیە لە ڕاكێشانی یەدەگ، هەركەسێك دێت چوار ساڵ حوكم دەكات و هەرچی پارە هەیە خەرجی دەكات، بەڵام كەس بیر لەوە ناكاتەوە ئەمە مافی نەوەكانە”.