مەحمود سەنگاوی : نەمانتوانیووە كێشەكانی ناو یەكێتی چارەسەر بكەین
لە كۆبونەوەیەكیدا لەگەڵ بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( مەحمود سەنگاوی ) ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕایگەیاند :” ماوەی چەند ساڵێكە ئێمە وەكو مەكتەبی سیاسی نەمانتوانیووە كێشەكانی ناو یەكێتی چارەسەر بكەین و بەباشی بڕیار بدەین و ئەو بڕیارانەیشی داومانە جێبەجێ نەكراون ، چونكە سەرپێچیكاران پابەند نەبوون “.
هەروەها ( مەحمود سەنگاوی ) ئەوەشی خستە ڕوو گوتی ” دووساڵە دەلێم با مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەڵبووەشێنینەوەو سەركردایەتی یەكێتی مەكتەبی سیاسییەكەی تر هەڵبژێرێت ،بۆ ئەوەی بتوانین ئەركەكانی سەرشانمان و بڕیارەكان جێبەجێ بكەین ، هەرنەكرا بەڵام لە كۆبونەوەی رۆژی 4ی ئەم مانگە لە كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتی بڕیاردراوە كە مەكتەبی سیاسی هەڵبووەشێندرێتەوە “.
لەبارەی دوو ئیدارەییەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان (مەحمود سەنگاوی ) ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕاشیگەیاند :” دوو ئیدارەی زیانی گەورەی بەدواوە دێت بۆ هەموو لایەك ، ئێستا هێزە هاوبەشەكان و كادیرەكانمان لە بادینان و ناوچەكانی تر لە سەنگەردان ، ئەگەر برادەرانی پارتی هێزەكانی خۆیان لە سنورەكانمان بكشاندایەتەوە و ئێمەش ئەوەمان بكردایە ئەگەری دوو ئیدارەی زیاتر دەبوو ، بەڵام بڕیاری سیاسی كۆسپەلەبەردەم دروستبوونی هێزی پێشمەرگەی یەكگرتوودا ، ئەگەر لەم سەردەمە چارەنوسسازەدا یەكپارچەنەبین ڕەنگە زەرەری زۆر گەورە بكەین ، دەبێت خۆمان بە دوور بگرین لە شەڕو ئەگەریش شەڕ بەرۆكی پێگرتین ئەوەدەبێت بە هەموو هێزەوە شەڕ بكەین “.