زهحمهتكێشان:گروپی خیانهتی 16ی ئۆكتۆبهر ههرهشهی ههڵگیرسانی شهری ناوهخۆی دهكهن
لە لێدوانێکیدا، سەعد خالد، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان،ڕاگەیاند، سەرەڕای هەوڵەکانی عێراق بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکووک و سڕینەوەی ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک، هێزێکی کوردستان بە ئاشکرا لە کەرکووک بانگەشە بۆ ئارامیی شارەکە دەکات. گوتیشی: ”خۆزگە ئەو لایەنە بیتوانیایە کەرکووک بپارێزێت، بەڵام ئەوەی لە کەرکوک دەکرێت، حکوومەت شۆڤێنییانە سوودی وەرگرتووە لە مانەوەی لایەنێکی کوردستان لەشارەکە، ئەگەر ئەو لایەنە لەو شارە نەبووایە، ئێستا سەرجەم حزبەکان قسەیەکی دیکەیان لەسەر رەوشی کەرکووک دەکرد“.
ئەو هێزە کوردستانییەی لە کەرکووک ماوەتەوە و بانگەشە بۆ ئارامیی کەرکووک دەکات، گرووپێکی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە شارەکەی ڕادەستی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کرد. ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان نایشارێتەوە کە ناکرێت لەم دۆخەدا پێشمەرگە هێرش بکاتە سەر کەرکووک، چونکە ئەگەر ئەمە بکات، ئەو هێزە کوردستانییەی لە کەرکووکە، دەستەوەستان نابێ و شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت. گوتیشی: ”دەبووایە ئەو هێزە ئەمە قەبوڵ نەکات و بەدیار وێرانکاریی کەرکووک دانەنیشێت”.
پێشتر چەندان جار، ئاراس جەنگی، ئاسۆ مامەند و بەرپرسانی دیکەی ئەو گرووپەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە 16ی ئۆکتۆبەردا کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کرد، بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە کەرکووک ئارامە و داوایان لە کوردستانییان کرد بۆ شارەکە بگەڕێنەوە، لە کاتێکدا تەنانەت خۆشیان لەو شارەدا ناتوانن بەبێ مۆڵەتوەرگرتن لە حەشدی شەعبی، بە پاسەوانەکانیانەوە هاتوچۆ بکەن و ڕۆژانەش دەیان تاوان بەرامبەر کوردانی کەرکووک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکە ئەنجام دەدرێت.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.