سەركردەیەكی بالای سونە دژ بە دەست درێژیەكانی میلیشیا شیعەكان هاتەدەنگ
دوای ئەوەی میلیشاكانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران هەلیان كوتایە سەر ناوچەیەكی كوردستان و داگیریان كرد, پێشوتریش هەمان ئەو هێزانە ناوچە سونیەكانیان وێران و تالانكردبوو, ئێستا هەموو دەسەڵاتە سەربازی و ئیداریەكانی عێراق لە لایەن ئێرانەوە هەڵدەسوڕێندرێن, ئێستا سەركردیەكی كاریگەری سوننەكانی عێراق، لە ئەمریكایە و دەیەوێ دەنگی سوننەكانی عێراق بگەیێنێتە گوێی بەرپرسە باڵاكانی واشنتن.
ئوسامە نوجەیفی، جێگری سەرۆككۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی موتەحیدوون، لە واشنتنەوە پانێڵێكی سازكرد و باسی لە دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق كرد. نوجەیفی بە ئاشكرا بە ئەمریكییەكانی گوت: ئێران خاوەن بڕیاری یەكلاكەرەوەیە لە عێراقدا.
ئوسامە نوجەیفی لە پانێڵەكەدا رایگەیاند: “ئێران دەوڵەتێكی دەستڕۆیشتووە لە عێراق، دەستی بەسەر هەموو شتەكاندا زاڵە، بەسەر حیزبەكاندا، بەسەر میلشیا چەكدارەكاندا، كاریگەرییەكی روونی بەسەر بڕیاری عێراقدا هەیە، دەیەوێ بیكاتە رێڕەوێك بۆ سووریا و بۆ لوبنان، ئەوە خەونی ئێرانە بۆ كۆنترۆڵكردنی هەموو رۆژهەڵاتی عەرەبی”.
نوجەیفی باسی لەوە كرد كە هەندێك لایەن دەیانەوێ بچنە نێو كوردستان و دەستی بەسەردا بگرن و سلێمانی لێ جیابكەنەوە. ئەمەی بە كارێكی نادەستووری ناوبرد. دوای پانێڵەكەش پرێس كۆنفرانسێكی بۆ رۆژنامەڤانان سازكرد و سەبارەت بە هەرێمی كوردستان لە دەستووری عێراق و مافە دەستوورییەكانی، وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
جێگری سەرۆككۆماری عێراق رایگەیاند: “عێراق دەوڵەتێكی فیدراڵییە، ئەمە لە سەرەتای دەستووردا نووسراوە كە هەرێمی كوردستان هەرێمە. بە سنووری دیاریكراوی پێش 2003 ، رێگە بە پارێزگاكان دەدات هەوڵ بۆ هەرێم بدەن، بەڵام هەرێمێكی ئیداری نەك هەرێمێكی تائیفی، نەك هەرێمی سوننە و هەرێمی شیعە، هەر هەوڵێك بۆ رەتكردنەوەی عێراقی ئیتیحادی و فیدراڵی، ئەوە كودەتایە لەسەر دەستوور”.
هەر لە پانێڵەكەدا جێگری سەرۆككۆماری عێراق نەیشاردەوە كە بەغدا هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی دژی كوردستان دروستكردووە.