سه‌رۆك بارزانی: ریفراندۆم ئاینده‌ی گه‌لی كوردستانی سه‌قامگیركردوه‌

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری نیوزویكی ئه‌مریكی ده‌ڵێت” هه‌میشه‌ نیه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ بووه‌ كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان به‌رێگه‌ی ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و هه‌میشه‌ بژارده‌ی ئاشتیانه‌ بگرنه‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ر كێشه‌كان.

هه‌ر له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ئه‌وه‌شی راگه‌یاندوه‌” كه‌ ریفراندۆم بڕیاری تاكه‌ كه‌سێك نه‌بوو، به‌ڵكو بڕیاری سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌كان بوو، گوتیشی: “له‌و بڕوایه‌دام كه‌ ریفراندۆم ئایندەی گەلی کوردستان سەقامگیر کردووە”.

ده‌قی گفتوگۆكه‌ی سه‌رۆك بارزانی، له‌گه‌ڵ گۆڤاری نیوزویك:-

نيوزويك: لە ریفراندۆمدا سەرکەوتنتان بەدەست ھێنا، بەڵام پێدەچێت کاریگەریی خراپی لەسەر بنیادنانی وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ کوردەکان دانابێت. بۆچی سووربوون لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم؟

سەرۆک بارزانی: بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیارێکی شەخسی نەبوو، بەڵکو بڕیارێکی ھەمەلایەنە بوو کە پارتە سیاسییەکانی کوردستان دایان و سەرکەوتنی ریفراندۆمیش ئەوە بوو کە 93%ی خەڵکی کوردستان بە (بەڵێ) دەنگی دا. ھەر بۆیە پرۆسەکە سەرکەوتوو بوو. بڕواشم وایە ئەم ڕیفراندۆمە داھاتووی گەلی کوردستانی پاراست، راستە ھەندێک بەربەست لە قۆناغی دوای ریفراندۆم هاتنه‌پێش، بەڵام بەو مانایە نایەت کە ئیرادەی گەلی کورد لەدەست چووبێت.

نيوزويك: بەڵام زۆرێک پێیان وایە کاتەکەی گونجاو نەبوو؟

سەرۆک بارزانی: ئێمە بڕوامان وایە کاتەکەی گونجاو بوو، چونکە ئەو ھێزە عێراقییانەی ئێستا سیاسەتەکانی خۆیان دەچەسپێنن بۆ گۆڕینی بارودۆخ و دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵیان کردوون، ئەم پرۆگرام و پلانەیان تەنانەت بەر لە ریفراندۆمیش لە مێشکدا بوو. ئەوان ریفراندۆم وەک بیانوویەک بەکاردێنن بۆ شاردنەوەی پیلانەکەیان لە دژی گەلی کوردستان. ئێمە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم سوور بووین بۆ ئەوەی ڕێگە لە خوێنڕێژی بگرین، بۆ ئەوەی ڕێگە لە شەڕ و تێکھەڵچوون بگیرێت. ئەو ھێزە عێراقییانەی ئێستا شەڕ لە دژی ئێمە دەکەن، دەیانەوێت واقیعێکی نوێ بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنن. ھەڵەی ئێمە ئەوە بوو کە دەبوایە ریفراندۆم زووتر لەو کاتە ئەنجام بدەین نەوەک درەنگتر.

نيوزويك: ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژ بە داعش ھاوکاری و ھەماھەنگی نزیکی ھەبوو لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا. پێتان وایە ئەمریکا ئێوەی بە تەنیا جێھێشتووە؟

سەرۆک بارزانی: بەبێ ڕۆڵی پێشمەرگە و ئەو قوربانییەی پێشمەرگە بەخشی، نەدەتوانرا پاشەکشە بە داعش بکرێت و شکست بدرێت، تەنانەت مووسڵیش ئازاد نەدەکراوە، بەڵام چاوەڕێی ئەوەمان نەدەکرد ھێزە عێراقییەکان چەکی ئەمریکی، کە ئەمریکا بە عێراقی دابوو شەڕی داعشی پێ بکات، لە دژی ھاووڵاتی خۆی بەکار بێنێت. ئەوەیان زۆر چاوەڕواننەکراو بوو بۆ ئێمە.

نيوزويك: بە ڕای ئێوە ئەمریکا پلانی عێراقی بۆ چوونە ناو کەرکووک و ناوچەکانی دیکە پەسەند کربوو؟

سەرۆک بارزانی: بەڵێ، پێمان وایە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی کەرکووک بە سەرپەرشتیی ئێرانییەکان و بە ئاگاداریی بەرپرسانی ئەمریکا و بەریتانیا ئەنجام درا.

نيوزويك: جۆن مەککین، سیناتۆری ئەمریکی، ھەرێمی کوردستانی بە دۆستێکی بەنرخ و ھەمیشەیی ئەمریکا وەسف کردووە. پێتان وایە دۆستایەتیتان لەگەڵ کۆشکی سپی لە ژێر سەرۆکایەتیی دۆنالد ترەمپ دا گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە؟

سەرۆک بارزانی: جۆن مەککین پیاوێکی بەڕێز و تێگەیشتووە کە ئاگاداری قوربانیدانی پێشمەرگە و گەلی کوردستانە، بەڵام سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان کوردستان و کۆشکی سپی… ناتوانم بڵێم پەیوەندیمان ھەیە یاخود نا.

نيوزويك: ئێران دوژمنێکی باوەکوشتەی عێراق بوو و ئێستاش نزیکترین ھاوپەیمانییەتی. ئەم پەیوەندییە نزیکە چ مانایەک بە ناوچەکە و گەلی کوردستان دەبەخشێت؟

سەرۆک بارزانی: بڕیارەکانی عێراق لەدستی ئێران دان. کورد نیازی ڕووبەڕووبوونەوە یان ڕکابەریکردنی ئێرانی نییە.

نيوزويك: کەواتە نیازی کاری ھاوبەشتان ھەیە لەگەڵ ئێران؟

سەرۆک بارزانی: ئەوەیان لە داھاتوو بڕیاری لەسەر دەدرێت.

نيوزويك: زۆرێک لە لایەنەکان نیگەرانن لەوەی گرژیی نێوان ھەولێر و بەغدا لە ئەنجامدا بگاتە ھۆکاری سەرھەڵدانی شەڕێکی نوێ. ڕای ئێوە چییە؟

سەرۆک بارزانی: ئێمە ھیواخوازین شەڕ و خوێنڕێژی کۆتایی پێبێت. سیاسەتی ئێمە ئەنجامدانی دیالۆگ و گرتنەبەری ھۆکاری ئاشتیخوازانەیە بۆ چارەسەری و پێشگرتن لە کێشە لەگەڵ بەغدا. ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانان بیانەوێت ڕێگە لە تێکھەڵچوونی چەکداری بگرن، ئەوا دەتوانن. بەڵام ئەگەر شەڕ ڕووبدات، بەو مانایە دێت ئەوان گڵۆپ سەوزیان [بۆ سەرھەڵدانی شەڕ] پێکردووە.

نيوزويك: ڕکابەرەکانتان پێیان وایە ئێوە ریفراندۆمتان بۆ دەستکەوتی سیاسیی خۆتان ئەنجام داوە. ئێوە چی دەڵێن؟

سەرۆک بارزانی: بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ساڵی 2014 لە لایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و پەرلەمانەوە درابوو. ئەمە بڕیارێکی شەخسی نەبوو، لەو کاتەشدا بڕیارەکە لە لایەن سەرجەم پارتە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی کوردستانەوە پەسەند کرا. بەڵام بەھۆی داعش، ئێمە بەرواری ئەنجامدانی ریفراندۆممان دواخست. دواتریش کە بەروارەکەمان دیاری کرد، ئەو کاتیش ھەر بڕیارێکی ھەمەلایەنە بوو و پارتە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاریان لەسەردا.

نيوزويك: ئایا ھێشتا هیوا ماوە بۆ سەربەخۆبوونی کوردستان؟

سەرۆک بارزانی: ئەوەی لە ناوچەک کوردستانییەکان دەگوزەرێت کاتییە، چونکە ھیچ کەسێک ناتوانێت ناسنامەی ئەم ناوچانە بگۆڕێت. ئێمە ھیچ گۆڕانکارییەکی زۆرەملێ بەسەر دێموگرافیای ئەو ناوچانە قەبووڵ ناکەین. ناسنامەی ئەو ناوچانە ھێشتا کوردستانییە. تەنھا بۆ رێگەگرتن لە شەڕ و خوێنڕێژیی زیاتر بوو کە ئێمە لە بەشێکی ئەو ناوچانە پاشەکشەمان کرد. ئامانجمان ئەوە بوو ڕێگە لە تێکھەڵچوونی سەربازی بگرین و زەمینەی گفتوگۆ فەراھەم بکەین.

نيوزويك: تا چ ڕادەیەک ئێوە ئامادەی دان بەخۆداگرتنن بۆ ڕێگەگرتن لە بەریەککەوتنی سەربازی لەگەڵ بەغدا؟

سەرۆک بارزانی: تا ئەو ئاستەی کە دەکرێت، ئێمە ئامادەین خۆ لە لە شەڕکردن لەگەڵ سوپای عێراق بپارێزین، تا ئەو کاتەی ئەوان نیازی گۆڕینی فیدرالیی کوردستان نەبن.

سه‌رچاوه‌ K24

Back to top button