پەرلەمانی ئەوروپا هەڵوێستی دەگۆڕیت و دژ بە دەست درێژیەكانی حەشدی شەعبی هۆشداری دەدات
ئەمڕۆ لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆكسل كۆبوونەوەیەكی گرنگی گروپی دۆستانی كوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا بە بەشداری ژمارەیەكی بەرچاو لە پەرلەمانتاران بەڕێوەچوو.
نوێنەرایەتی حكومەتی هەریمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا بەشداری ئەم كۆبوونەوەیە بوو وە لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ڕاپۆرتێكی زارەكی لە لایەن زانا كوردە بەرپرسی بەشی پەیوەندییە ئەوروپییەكان لە نوێنەرایەتی، بە ناوی باڵوێز دلاوەر ئاژگەیی پێشكەشی ئامادەبووان كرا.
لە وتارەدا زۆر بە ڕاشكاوی گلەیی و نیگەرانییەكانی هەرێمی كوردستان بە لایەنی یەكێتی ئەوروپا گەیەندران و پێیان گوترا ئێوە تا ماوەیەك لەمەو پێش هانی ئێمەتان دەدا و وەك هاوپەیمان لە جەنگی دژی داعش ناوتان دەبردین، ئەی بۆچی ئێستا بێدەنگیتان هەڵبژاردووە؟ جگە لەوەش كۆپی راپۆرتی دام و دەزگا نێوەدەولەتییەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتی هەریمی كوردستان سەبارەت بە تاوانەكانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان، پێشكەش بە پەرلەمانتاران كرا.
هەر لە میانەی كۆبوونەوەكەدا پەرلەمانتارانی یەكێتی ئەوروپا ڕێكارەكانی لۆبیكردن و فشاردانانیان بۆ سەر دەسەڵاتی جێبەجێكار لە یەكێتی ئەوروپا تاوتوێكرد و لەسەر چەند هەنگاوێكی پڕاكتیكی لەو بارەیەوە ڕێكەوتن.
شایانی باسە سەرۆكی لیژنەی كاروباری عێراق لە پەرلەمانی ئەوروپا، كە لە ئێستادا لە ژێر فشارێكی زۆری لایەنی عێراقیدایە بۆ دژایەتیكردنی كوردستان، ئەو زۆر بە ڕوونی پشتگیری خۆی و لیژنەكەی بۆ حكومەتی هەریمی كوردستان دوپاتكردەوە و ڕاشیگەیاند كە زۆر بە زویی لیژنەكەی بەیاننامەیەكی فەرمی دەردەكات كە تێیدا ئیدانەی بوونی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان لەناوچە جێناكۆكەكان، بەتیابەتی لە كەركووك، دەكات و داوای دەستبەجێ كشانەوەی ئەو هێزانە دەكەن و هەروەها بەكارهێنانی چەكی ئەمریكی دژی پێشمەرگەی كوردستان جێگای قبوڵكردن نییە.