ئایا ئەمەریکا راستگۆیە لە دژایەتی کردنی ئێران ؟
نیاز حاجی
لە ماوەی رابردودا لێرەو لەوێ تێبینی ئەوەم کردووە کە قەناعەتێک لەلای بەشێک لە نوسەر و چاودێرانی سیاسی کورد و عەرەب و بگرە بیانیش دروست بووە کە گوایە ئەمەریکا راستگۆ نیە لە هەڕەشەکانی سەبارەت بە ئێران ، ئەوەی لە ماوەی رابردووشدا رویداوە ئەنجامی ئەو رێککەوتنە نهێنیەیە کە لە نێوان ئێران و ئەمەریکا هەبووە کە بەهۆیەوە ئێران دەستی بەسەر پایتەختی چوار وڵاتی عەرەبیدا گرتووە”.
ئەوەی تائێستا رویداوە لە پاوانخوازیەکانی ئێران لە ناوچەکەدا ، بەهۆی چاوپۆشی کردنەوە بووە لەلایەن ئەمەریکا نەک رێکەوتن لەگەڵیدا، بەهۆی ئەو چاوپۆشی کردنەوە ئەمەریکا و ئیسرائیل چەندین دەستکەوتی گەورەیان بەدەست هێناوە ، کە گرنگترینیان گۆڕینی هاوکێشەی دوژمنداری عەرەب و ئیسرائیل بۆ هاوپەیمانی عەرەب و ئیسرائیل ، هەروەها دۆشینی زیاتری وڵاتانی کەنداو و بنبڕکردنی سەرچاوە داراییەکانی تەوژمی ئیسلامی سیاسی و گروپە توندرەوەکان و بەرپاکردنی شۆرشێکی فکری لە دژیان.
ئەو چاوپۆشی کردنە تەڵەیەکی گەورەشە بۆ ئێران بۆئەوەی لە ئایندەدا بکرێتە ئامانج کەئێستا رای گشتی ئەمەریکی و جیهانی بۆ دروست دەکرێت .
نامەوێ لە ئەصلی بابەتەکە دوور بکەومەوەو دێمەوە سەر مانشێتی بابەتەکەمان کە ئایا ئەمەریکا راستگۆیە لە دژایەتی کردنی ئێران ؟
لە ئەمەریکا چوارساڵ جارێک هەڵبژاردن دەکرێت ، هەردوو حزبی رکابەر، بەرنامە و ستراتیژی خۆیان زۆر بەرونی بۆ دەنگدەرانی ئەمەریکا ئاشکرا دەکەن ، هەر حزبێک کە لەدەسەڵاتدا بوو ئەگەر پابەند نەبێ بەو بەرنامەو ستراتیژەی خۆی کە رایگەیاندووە ، ئەوا دەبێتە دەرفەتێکی زێرین بۆ حزبی رکابەر تا هەڵبژاردنی ئایندەی پێ بباتەوە .
تڕەمپ و کۆماریەکان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ساڵی رابردوی سەرۆکایەتیدا بەشی زۆری سیاسەتی دەرەوەیان لەسەر بەئامانجکردنی ئێران بنیاد نابوو ، ئەگەر ئەوان پابەند نەبن بەو بەرنامەیەی کە بانگەشەیان بۆ دەکرد ئەوا بە مسۆگەری لە خولی ئایندەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەدۆڕێن .
تڕەمپ لە ناوەراستی مانگی رابردوو بەرونی ستراتیژی خۆی راگەیاند لە دژی ئێران ، ناکرێ لە سێ ساڵی ئایندەدا خەڵکی ئەمەریکا پێچەوانەی ئەوە ببینن .
ئەوەی تا ئێستا لەسەر ئەرزی واقعدا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەیبینین تەواو کراوی ستراتیژی ئۆباما و دیموکراتەکانە هەر بۆیەش تڕەمب هیچ دەستکاری و گۆڕانکاریەکی لە سیاسەتی دەرەوە و ئەو ستافەی کە لەعێراقدا هەن ، نەیکردووە.
واتا لەساڵی یەکەمی سەرۆکایەتی تڕەمپدا هەنگاوەکان خێراکران تا ستراتیژی ئۆباماو دیموکراتەکان زۆرتر تەواو بێت بۆئەوەی ستراتیژی نوێ پیادەبکرێ ، دەکرێ ئەو ساڵە ناوبنرێ بە قۆناغی گواستراوە لەنێوان ستراتیژی کۆن و نوێ .
دەبێ هەمومان ئەوە بزانین کە ئەمەریکا پلان و بەرنامەکانی خۆی نەک بۆ کورد بەڵکو بۆ ئیسرائیلیش ئاشکرا ناکات ، هەروەها دارێژەرانی ستراتیژ لە ئەمەریکا بەجۆرێک ستراتیژ دادەرێژن کە هیچ کاتێک ستراتیژی نوێ دژی ستراتیژی کۆن نەبێ کە پێشتر دایانرشتوە بەڵکو دەبێ تەواوکەری یەکتر بن(ئەمە لەو کاتەی کە سەرۆک دەگۆڕێت ) .
بۆیە ئەگەر پێمان وابێت ئەمەریکا راستگۆ نیە لە سیاسەتەکانی بەرامبەر بە ئێران ، ئەوا بەهەڵەدا چوین ، لە ماوەی سێ ساڵی ئایندەی سەرۆکایەتی تڕەمپدا دەبێ دەنگدەری ئەمەریکا بەرنامەی تڕەمپ لەدژی ئێران ببینن ، بە پێچەوانەوە ئەگەر نەیبینن ، ئەوا تڕەمپ و کۆماریەکان دۆڕاوی هەڵبژاردنی ئایندەی ئەمەریکا دەبن .
تڕەمپ لەم خولەی سەرۆکایەتیدا بەدوو قۆناغ سترایژەکەی جێبەجێ دەکات ، هەر قۆناغێک لە دوو ساڵ پێک دێت ……
هەروەها چۆن چۆنیش هەوڵدەدات هەڵبژاردنی ئایندەی ئەمەریکا بۆخۆی مسۆگەر بکاتەوە .
لە نوسینەکانی ئایندەدا هەوڵدەدەم باشتر رونی بکەمەوە.