تاوه‌كو ئێستا ئه‌و گروپه‌ی 16ی ئۆكۆتبه‌ر وه‌ڵامی ئه‌وه ناداته‌وه، كه ئایا كه‌ركووك داگیركراوه یان فرۆشراوه؟؟
ماوه‌یه‌كه گروپێك له به‌رپرسانی یه‌كێتی لێدوانی پێچه‌وان و تووند و نه‌رم و جیاواز ده‌ده‌ن، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی كه‌ركووك له پاش 16ی ئۆكتۆبه‌ر. له‌باره‌ی ئه‌و لێدوانانه چاودێرانی سیاسی یه‌ك پرسیار له یه‌كێتی ده‌كه‌ن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه ئایا كه‌ركووك فرۆشراوه یان داگیركراوه؟ تا ئه‌و چركه ساته ئه‌و باڵه‌ی یه‌كێتی نه‌یتوانیوه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بداته‌وه، له‌و باره‌یه‌وه، رۆژنامه‌نووسان و نووسه‌ران له‌باره‌وی هه‌ڵوێسته‌كانی باڵێكی ناو یه‌كێتی ده‌لێن تاوه‌كو ئێستا یه‌كێتی دان به‌هیچ یه‌كێك له‌وانه دانانێت كه ئایا كه‌ركووك فرۆشراوه یان داگیر كراوه”.
له‌و باره‌یه‌وه نووسه‌رێك له تۆڕی كۆمه‌لایه‌تی فه‌یسبووك له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی ده‌نووسێت”گومانی تێدانیه كه كه‌ركوك كه‌وتووه‌ته ده‌ست سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تارمایی گومان دایپۆشیوه ئه‌وه‌یه ئایا كه‌ركوك له سه‌ودایه‌كدا فرۆشراوه یان به زه‌بری هێز داگیركراوه؟ جگه له‌م دوو ئه‌گه‌ره، ئه‌گه‌ری سێیه‌ممان نیه.
سابیر حه‌سه‌ن نووسه‌ر له وتاره‌كه‌ی دا ده‌شنووسێـ”ئاشكرایه یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ڕووی سیاسی و سه‌ربازی و جه‌ماوه‌ریه‌وه حیزبی باڵاده‌ست بووه له كه‌ركوك. له‌م ڕووه‌وه پاراستنی كه‌ركوك ئه‌ركی ئه‌خلاقی و به‌رپرسیاریه‌تی یه‌كێتی بووه. بینیمان له چه‌ند كاتژمێرێكی به‌ره‌به‌یانی ١٦\١٠\٢٠١٧ هه‌مووان توشی شۆك و سه‌رسوڕمان بوون كاتێك كه‌ركوكی دڵ و قودسی كوردستان كه‌وته ده‌ست سوپای عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی. هه‌ر زوو هه‌واڵ بڵاوبووه‌وه كه كه‌ركوك فرۆشراوه، ئه‌گه‌رنا پێشمه‌رگه ئه‌وه‌نده لاواز نیه گرنگترین و ستراتیجیترین پارێزگای كوردستان له‌چه‌ند كاتژمێرێكدا ته‌سلیم بكات. به‌ڵام ئه‌مانه تۆمه‌تن و ده‌كرێ ڕاست بن یان هه‌ڵه. بۆیه باشتره ووردتر له كه‌یسه‌كه بروانین و خوێندنه‌وه‌ی عهقلانیتری بۆ بكه‌ین. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گرنگه سه‌ره‌تا گوێ له یه‌كێتی بگرین وه‌ك هێزی باڵاده‌ستی كه‌ركوك تا ڕووداوه‌كان له دیدی ئه‌وانیشه‌وه ببیستین نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه باوه‌ڕ به میدیا و تۆمه‌ته‌كان بكه‌ین”.
هه‌روه‌ها ئه‌و نووسه‌ره له وتاره‌كه‌ی دا كه له‌تۆڕی كۆمه‌لایه‌تی بڵاوی كردۆته‌وه ده‌شنووسێـ”دوای كه‌وتنی كه‌ركوك یه‌كێتی بووه به دوو به‌ره‌وه، به‌ره‌ی ده‌ستڕۆیشتوو كه سه‌ر به ماڵباتی تاڵه‌بانین و به‌ره‌ی ده‌ره‌وه كه كۆسره‌ت ره‌سوڵ و مه‌لا به‌ختیار و نه‌جمه‌دین كه‌ریم له كه‌سایه‌تیه دیاره‌كانی ئه‌و به‌ره‌ن. هه‌ر یه‌ك له‌م سێ كه‌سایه‌تیه به‌یاننامه‌و لێدوانیان دا‌و ناڕاسته‌وخۆ دانیان نا به‌وه‌ی كاڵفام و ههرزهسیاسیهكان ڕێككه‌وتنی ژێر به‌ژێریان كردووه بێ ئاگاداری ئه‌مان، هه‌روه‌ها دهسنوویێـ” ئینجا گوێ بیستی كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی فه‌رمانده سه‌ربازیه‌كان بووین، ئه‌وانیش هه‌موویان یه‌ك قسه‌یان كرد، به‌م جۆره: جه‌نگێكی نابه‌رابه‌ر بوو، هێزی به‌رامبه‌ر به تواناتر بوو، ژماره‌یان زیاتر بوو، چه‌كی پێشكه‌وتووتریان پێ بوو، بۆیه ئێمه شكاین و به‌رگه‌مان نه‌گرت و كه‌ركوكمان به‌ده‌سته‌وه‌دا. واتا به‌قسه‌ی ئه‌مان كه‌ركوك داگیركراوه. ئه‌م لێدوانانه زۆر قسه هه‌ڵده‌گرن. له دنیادا نه‌بووه هێزێكی سه‌ربازی به‌و ڕوون و ئاشكراییه له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن خۆی به‌و جۆره لاواز نیشان بدات، هه‌موو خاڵه لاوازه‌كانی بۆ دوژمن به‌یان بكات، به بانگی ئاشكرا بڵێ به‌رگه‌مان نه‌گرت و تێكشكاین. له‌ڕووی پروپاگه‌نده‌ی سه‌ربازیه‌وه ئه‌م لێدوانانه ووره‌ی سوپا به ته‌واوی ده‌ڕووخێنن، بۆیه ناكرێ به‌م جۆره وه‌سفی سوپاكه‌ی خۆت بكه‌یت. ئه‌م لێدوانانه گومانی ڕێكه‌وتنی ژێربه‌ژێری قوڵتر كرده‌وه.
سابیر حه‌سه‌ن هه‌روه‌ها دهسنووسێ” جه‌نگ به‌رده‌وام بوو، سوپای عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی په‌رلاماری پردێیان دا و شكستێكی گه‌وره‌یان خوارد‌و زیانێكی زۆریان به‌ركه‌وت. پارتی كه به‌پرسی ئه‌و قۆڵهیه جه‌نگه‌كه‌ی به داستانی سه‌ركه‌وتن ناوبرد. تای ته‌رازووی جه‌نگه‌كه گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، پێشڕهویهكان سوپای عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی وه‌ستێنران، گوڕوتین و ووره به‌به‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌و هاوڵاتیان كورددا كرایه‌وه. كه‌سانێك گومانه‌كانیان له‌باره‌ی كه‌ركوكه‌وه قوڵتر بووه، چونكه ده‌ركه‌وت پێشمه‌رگه ئه‌و هێزه لاواز و بێ ئیراده‌یه نیه به‌رگه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه نه‌گرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ووترا له‌باره‌ی كه‌ركوكه‌وه، ده‌شلێـ” به‌ڵام هێشتا ده‌بێت حساب بۆ وه‌ڵامی یه‌كێتی بكه‌ین له‌باره‌ی له‌ده‌ستدانی كه‌ركوكه‌وه، لێره‌وه ده‌بێت بگه‌ینه ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی ئایا كه‌ركوك فرۆشراوه یان داگیركراوه، بۆیه ئه‌م چه‌ند داوایه له به‌رپرسه باڵاكانی یه‌كێتی ده‌كه‌ین كه تۆمه‌تبارن به فرۆشتنی كه‌ركوك:
ئه‌و نووسه‌ره ئاماژه به بوونی ساخ نه‌بوونه‌وه‌ی یه‌كێتی ده‌دات له‌وه‌ی ئایا كه‌ركووك فرۆشراوه یان داگیر كراوه دهنووسێـ” ئه‌گه‌ر ڕاسته كه‌ركوك نه‌فرۆشراوه‌و ئێوه ڕووبه‌ڕووی سوپای عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی بوونه‌ته‌وه بۆ پارێزگاری له كه‌ركوكی قودسی كوردستان به‌ڵام تێك‌شكاون و به‌رگه‌ی شهڕهكهتان نه‌گرتووه (هه‌روه‌ك خۆتان ده‌ڵێن)، ده‌فه‌رموون هێزه‌كانتان ڕێكبخه‌نه‌وه‌و دژه هێرش ده‌ستپێبكه‌ن بۆ دووباره ڕزگاركردنه‌وه‌ی كه‌ركوك. هه‌روه‌ها ده‌شلێـ” ئه‌گه‌ر ڕاسته كه‌ركوك نه‌فرۆشراوه‌و له دوای شه‌ڕێكی ده‌سته‌ویه‌خه‌و ئاگرباران له‌لایه‌ن سوپای عێراقی و حه‌شدی شه‌عبیه‌وه ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه (هه‌روه‌ك خۆتان ده‌ڵێن)، ده‌فه‌رموون به‌ئاشكرا بڵێن (سوپای عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی داگیركهرن)، ئه‌گه‌ر پێتان وایه كه‌ركوك نه‌فرۆشراوه و داگیركراوه، ده‌فه‌رموون واز له ڕیكلامكردن بێنن و چیتر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه مه‌كه‌ن كه (كه‌ركوك ئارامه و خه‌ڵكی كه‌ركوك ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه شاره‌كه)، به‌ڵكو به ئاشكرا بڵێن (كه‌ركوك داگیركراوه).