بەهەزاران ناوی قوتابیان لە ئەنجامى سکاڵاى زانکۆلاین گەڕانەوە
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ناوی 2260 خوێندکار لە ئەنجامى سکاڵاى زانکۆلاین گەڕایەوە و بەپێى کەمترین کۆنمرەى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند “دواى ئەوەى دەرگاى پێشکەشکردنى سکاڵا بۆ ئەو دەرچوانەى پۆلى 12ـی ئامادەیى کرایەوە، کە لەڕێگەى زانکۆلاین داواکارییان پێشکەش کردبوو، دواى هەڵسەنگاندنى سکاڵاکانیان دەرکەوت ناویان لە هیچ زانکۆ و پەیمانگایەک نەگەڕابوەوە، بۆیە دواى پێداچوونەوەى سەرجەم سکاڵاکان لە ئاکامدا 2260 خوێندکارى دیکە بەپێى کەمترین کۆنمرەى وەرگرتنى ساڵى خوێندنى (2017-2018) لەزانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران”.
خوێندکاران دەتوانن لە رۆژی پێنجشەممە 9-11-2017، لە کاژێر 7:00ـی شەو بەدواوە لەڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی (www.regayzanko.com) بە بەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمی (زانكۆلاین)یان پێ پڕكردبوەوە، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لە ئەنجامى سکاڵاى (زانکۆلاین) لێیی وەرگیراون.
لەلایەکى دیکەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامى وەرگرتن بە سیستمى خوێندنى پارالێل لەزانکۆ و پەیمانگەکان رادەگەیەنێت.
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت “دەرچووانى پۆلى 12ـی ئامادەیی ئەوانەى داواکارییان بۆ وەرگرتن بەشێوەى سیستمى پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکەش کردبوو، لە رۆژی پێنجشەممە 9-11-2017، لە کاژێر 8:00ـی شەو بەدواوە بەهەمان شێوە لەڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی (www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد)، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە بەسیستمى (پارالێل) لێیی وەرگیراون”.
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەشڵێت “پێویستە وەرگیراوانى سیستمى خوێندنى پارالێل لەماوەى یەک هەفتەدا پەیوەندى بە کۆلێژ و پەیمانگەکان بکەن کە لێیى وەرگیراون، بەپێچەوانەوە شوێنەکانیان بەخوێندکار و قوتابیانى یەدەگ پڕدەکرێتەوە”