کۆسرەت رەسول عەلی: ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە گوشار بخاتە سەر حکوومەتی عێراق

بۆتاوتوێکردنی دووا پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و رێککارە سەربازیەکانی عێراق دژ بەهەرێمی کوردستان و داگیرکردنی کترکووک ئەمڕۆ پێنجشەممە، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازی لە وەفدێکی سیاسی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج کرد.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/11/2017 کۆسرەت رەسول عەلی، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی، پێشوازی لە وەفدێکی سیاسی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج کە پێکھاتبوو لە کارستن کارلسن، وەزیری راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوەو سکرتێری یەکەم لە باڵیۆزخانەی نەرویجی لە عەمانی پایتەختی ئوردن و چەند گەورە راوێژکار بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا کرد.

 

کۆسرەت رەسول، بەوردی باسی ھەلومەرجی سیاسیی کوردستانی بۆ وەفدی میوان کرد، بەتایبەتی چۆنیەتی رووداوەکانی ھاتنی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ ئەو شار و شارۆچکانەی کوردستان کە کەوتوونەتە دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڵاوەپێکردنی ھێزەکانیان لەو ناوچانە کە لە ئەنجامی ئەو کردەوە سەربازییانەدا خەڵکی سڤیل لە دانیشتوانی سنوورەکە ژێردەستەییان قبوڵ نەکردووە، ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشتووە و ئاوارەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بوون و ئێستا لە بارێکی ئێجگار ناخۆشدا لە کەمپی ئاوارەییدا ژیان بەسەر دەبەن.

 

جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەوەشی روون کردەوە کە ئاوارەکان، بەبێ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی سەر و ماڵ و ژیانیان ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەوەی زانراویشە بەشێک لەو ئاوارانە ماڵ و حاڵەکانیان لە خانوو و دوکان و بازاڕیان لەلایەن حەشدی شەعبی و ھێزەکانی تری عێراقەوە وێران کراون و سووتێنراون، ھەر لەبەر ئەوەشە ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە گوشار بخەنە سەر حکوومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە ئیجرائاتی پێویست بگرێتەبەر.

 

پاشان ھەردوولا لە گفتوگۆیەکدا، بەوردی قسە و باسیان لەو ئاڵۆزی و لێتێنەگەیشتنانە کرد کە ئێستا بەھۆی لووت بەرزی و خۆ بە براوەزانی لایەنی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەرامبەر گەلی کوردستان لە ھەڵسوکەوت و لێدوانەکانیاندا سەبارەت بە دیالۆگ و گفتوگۆی ھەردوولایەنی ناکۆک گرتوویانەتەبەر، کە ھاوکات مەرج و مەرجکارییان بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان داناوە لە بەرامبەر ئەوەی کە لەگەڵ لایەنی کوردی بکەونە گفتوگۆ و بنیاتنانی ئاشتەوایی لەعێراقدا لەو چوارچێوەیەدا ھەردوولا گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی کەوا:

 

یەکەم: ئەنجامدانی ریفراندۆم وەک مافێکی سەرەتایی ھەر گەل و نەتەوەیەک کە تەعبیر لە رای تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە دەکات، جێبەجێ کراو ئێستا ئێمە لە قۆناغی دوای ئەو پرۆسەیەین و مەرج نییە لە ئێستادا کار لەسەر ئەنجامەکەی بکرێت بەتایبەت کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بڕیارێک ئەنجامەکانی سڕ کردووە.

 

دووھەم: کارێکی باشە کە لەلایەن ھەردوو لایەنی کێشەکەوە پرۆسە سەربازییەکان لە ئاستێکدا وەستێنراون و ھیوادارین شەڕ و پێکدادان سەرھەڵنەداتەوە.

 

سێھەم: ھەرچی زووە دەست بکرێت بە گفتوگۆیەکی کراوەی بێ مەرج کە جۆری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای دەستووری عێراق رێکبخاتەوە، بۆ ئەم مەبەستە وا بەباش دەزانرێت کە لایەنی نێودەوڵەتی ئامادەیی لە گففتوگۆکاندا ھەبێت.

چوارەم: دەستووری ھەمیشەیی عێراق بکرێتە بنەماو ھەموولایەک پابەندبن بە جێبەجێکردنی بەند و مادەکانییەوە بە شێوەیەک کە مافی ھەمووانی تیا رەچاو بکرێت.

 

پێنجەم: رەوشی شارەکان ئاسایی بکرێتەوەو ئەوانەی ئاوارەبوون سەربەرزانەو بەدابینکردنی ئاسایشی ژیان و پاراستنی سەرو ماڵیانەوە بگەڕێنەوە ناو ماڵ و حاڵی خۆیان و قەرەبووی زیانەکانیان بکرێتەوە.

 

شەشەم: ھەموو لایەک تەرکیزی تەواو بخەنە سەر شەڕی تیرۆر و بوار نەدەن تیرۆرستانی داعش فرسەت لەم دۆخە ئاڵۆزەی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا وەربگرێت و لە ناوچەکەدا خۆی ببووژێنێتەوە.

Back to top button