حکومەت لەگەڵ پەرلەمان و حزبەکان کۆدەبێتەوە
دوای ئەوەی ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە کۆبونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بەڕێوەچوو، بریاردرا کە هەولبدرێت بۆ دروست کردنی کۆدەنگی سیاسی و کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەت بەمەبەستی کارکردن بۆ باشترکردنی بژێوی هاونیشتیمانیان، ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکومەتیش رایدەگەیەنێت حکومەت لەگەڵ پەرلەمان و لایەنە سیاسیەکان کۆدەبێتەوە.
دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “بۆ تاوتوێکردنی بابەتی بودجە حکومەت لەبەرنامەیدایە لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق کۆببێتەوە، گرەوی ناحەزانی ئێمە لەسەر ئەوەبوو لەگەڵ ئەو رووداوانە لێکترازانێک لەنێو هەرێمی کوردستاندا دروستبێت، بەڵام خەریکە ئەو خەونە بە خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و هەنگاوەکانی سەرکردایەتیی هەموو حیزبەکان لەنێودەچێت”.
دوای سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بڕیارە سەردانی حیزبەکانی دیکەش بکرێت، یەکێک لەو لایەنانەی بڕیارە حکومەت سەردانی بکات، بزووتنەوەی گۆڕانە، کە ناکۆکی تووند لەنێوان حکومەت و ئەو بزووتنەوەیەدا هەیە.