عێراق بە فەرمی نەوتی كەركووك هەناردەی ئێران دەكات
ئەمڕۆ هەینی جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق ئیمزاكردنی گرێبەستێكی لەگەڵ حكوومەتی تاران ئاشكرا كرد، بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ ئێران. ئەمەش دوای ئەوە دێت كە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو بە هاوكاری خیانەتی باڵەكەی یەكێتی، سوپای پاسداران و حەشد شاری كەركووكیان داگیر كرد.
لعێبی رایگەیاند ڕێكەوتنێكی سەرەتاییان لەگەڵ ئێران ئیمزا كردووە بۆ ئەوەی نەوتی كەركووك بە بڕی 30 بۆ 60 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە رەوانەی ئەو وڵاتە بكرێت.
لەمبارەیەوە وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە كە بەپێی ئەو ڕێكەوتنەی لەلایەن كۆمپانیای (سۆمۆ)ی عێراقی ئیمزا كراوە، دەبێ عێراق نەوتەكە لە ڕێگەی تانكەرەوە ڕەوانەی شاری كرمانشای ئێران بكات.
لای خۆیەوە لعێبی ئەوەشی گوتووە كە ئەم ڕێكەوتنە دەبێتە هۆی كردنەوەی دەروازەیەكی نوێی هەناردەی نەوت لە عێراق، هەروەها قازانجێكی زیاتر لە نەوتی كەركووك دەكرێ بۆ ئابووریی عێراق.
جێی باسە لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا، باڵێكی یەكێتی خیانەتێكی مێژووییان بەرانبەر كوردستان كرد بە لەباربردنی دەرفەتی دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، بەم شێوەیە شاری كەركووكیان رادەستی پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لبنانی و میلیشیاكانی حەشدی شیعی كرد.