بە بەرچاوی ئەمریكاوە تاران لە بەغداوە گەیشتە بەیروت

بە بێ ئەوەی ئەمریكا هیچ كاردانەوەیەكی هەبێت، یان رێگرییان لێ بكات، میلیشیا شیعەكانی عێراق سنووری عێراقیان بە جێهێشت و گەیشتنە سووریا بۆ ئەوەی لە دەستبەسەرداگرتنی ئەلبوكەمال هاوكاری میلیشیا ئێرانییەكان و حزبوڵڵا و سوپای ئەسەد بكەن.

هەڵوێستی ئەمریكا جێی نیشانەی پرسیارە، بە تایبەتی لە كاتێكدایە كە ئەو میلیشیایانەی دڵسۆزی ئێرانن توانیان بۆ یەكەمجار رێڕەوێكی ستراتیژی لە نێوان ئێران و لوبنان بكەنەوە.

دوای تەواوبوونی شەڕی ئەلبوكەمال، ئێران سەركەوت لە هێنانەدی ئامانجە ستراتیژییەكەی، هەرچەندە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا باس لەوە دەكات ستراتیژێكیان هەیە بۆ كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران.

بەڵام واقیع پێچەوانەكەی سەلماند. ئێستا رێگە لە بەردەم میلیشیا ئێرانییەكان لە دەوروبەری بەغدا و فەلوجەوە بەرەو رومادی و قائیم و ئەلبوكەمال لە سووریا و دێرزوور و تەدمور و دیمەشق و پاشان بەیروت ئاوەڵایە.

پێشتر ئێرانییەكان نەیاندەتوانی ئەو رێڕەوە ستراتیژییە ئاوا بكەن، جگە لە زاڵبوونیان بەسەر دەروازەی وەلید (قائیم) بە تایبەتی دوای ئەوەی ئەمریكاییەكان لە سنووری دەروازەی رەبیعەوە لە باكوور و تەنەف لە باشوورەوە بەربەستیان دانابوو، بەڵام دەروازەی وەلید لە ناوەڕاستەوە بێ ماندووبوونێكی زۆر كەوتە دەست ئێران.

دەزگای راگەیاندنی ناوەندیی جەنگ سەر بە سوپای سووریا، دوێنێ بڵاویكردەوە، كە هێزەكانی سوپا و هاوپەیمانەكانی توانیان كۆنترۆڵی ئەلبوكەمال بكەن و داعشی لێ دەرپەڕێنن.

ئەلبوكەمال هاوسنووری عێراقە و دوایین گرنگترین پێگەی داعش بوو لە سووریا.

بە لەدەستدانی ئەلبوكەمال، داعش سەرجەم ئاوەدانی و شارو و شارۆچكە سووریەكانی لەدەستدا و لە ئێستادا تەنیا ناوچەی راوەی لە خۆرئاوای ئەنبار بەدەستەوە ماوە.

بە كۆنترۆڵكردنی ئەلبوكەمال، جارێكی دیكە رێگەی سەرەكی نێوان عێراق و سووریا لە رێگەی قەزای قائیم دەكرێتەوە.

 

لە دیوی سووریاشەوە، میلیشیاكانی سەر بە ئێران زۆربەی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی سووریایان بەدەستەوەیە.

هەر لە ئەلبوكەمالەوە بەرەو مەیادین و تەدمور و لەوێشەوە بۆ رێگەی نێودەوڵەتی كە بە حمس و دیمەشقدا تێدەپەڕێت و لە سنووری ئەوپەڕی سووریا و سنوورەكانی رۆژهەڵاتی لوبنان كۆتایی دێت.

لە هەفتەی رابردوودا میلیشیاكانی حەشد رەتیانكردەوە سنووری عێراق ببەزێنن و بچنە سووریاوە.

حەشدی شەعبی میلیشیای جۆراوجۆری مەزهەبین و لەسەر بنەمای فەتوای ئایەتوڵڵا سیستانی دامەزراون و بەشێكی سەرەكی و گەورەی ئەو میلیشیایانە پێیان دەوترێت (حەشدی وەلائی) و دڵسۆزی و لایەنگرییان بۆ وەلی فەقیهی ئێران ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەئی هەیە.

لە بەرامبەریشدا بەشێكی ئەو میلیشیایانە پێیان دەوترێت حەشدی سیستانی و فەرمانبەرداری حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانن.

بە گوێرەی زانیارییە میدیاییەكان هەریەك لە میلیشیاكانی كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا، كەتیبەكانی حزبوڵڵای ئێران و بزووتنەوەی ئەلنوجەبا بەشداریان لە شەڕی ئەلبوكەمال كردووە و پەڕیونەتەوە خاكی سووریا.

شارەزایان لەو بڕوایەدان، جێپێ قایمكردنی ئەو میلیشیایانە لە ناو جەرگەی ناوچە سوننیەكان سەركەوتوو نابێت، چونكە ئەو ناوچانە هەستیارن بەرامبەر هەر شتێك كە بۆنی ئێرانی لێوە بێت.

كەسایەتییەكی سیاسی لە پارێزگای ئەنباری سوننە نشین دەڵێت: تێچووی بوون و مانەوەی ئێران لە سنووری عێراق و سووریا زۆر زۆر دەبێت.

ئەو بەرپرسە باسی لەوەشكردووە، لە ئێستادا حەشدی هۆزە سوننیەكان هەیە و گەنجانی سوننەش روویانكردووەتە ریزەكانی سوپا و ئەستەمە ئێرانییەكان و ئەو میلیشیایانەی كار بۆ ئێران دەكەن بتوانن لە ناو جەرگەی سوننەدا هەڵبكەن و بۆماوەیەكی زۆر بمێننەوە.

چاودێران لەو بڕوایەدان، ئەو هێڵەی ئێران دەیەوێت بیپارێزێت و كاری بۆ دەكات بۆ ئەوەی تاران بە بەیروتەوە ببەستێتەوە تێچوویەكی زۆری هەیە چونكە رووبەڕووی واقیعێكی جوگرافی سەخت دەبێتەوە و لە بەغداوە تا قائیم بە درێژایی 500 كیلۆمەتر ژینگەیەكی نەیاری ئێرانە و سەرجەمی سوننەیە.

سەرچاوە: مركز الروابگ

Back to top button