گوتەبێژی یەكێتی: حكومەتی رزگاریی نیشتمانی تەنیا دروشمە نابێتە راستی

 

دوای بەڕیوە چوونی چلەی ماتەمی مام جەلال لە گردی دەباشان, گوتەبێژیی یەكێتی رایدەگەیێنێ، حكومەتی رزگاریی نیشتمانی كە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و بەرهەم ساڵح داوای دەكەن تەنیا دروشمە و لە دروشمیش دەرناچێت. لەبارەی بەستنی كۆنگرەش گوتی: “رەنگە یەكی مانگی سێی 2018 تاوەكو كۆتایی هەمان مانگ ببەسترێت”.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكاتی بەشداریكردنی لە مەراسیمی چلەی ماتەمینی مام جەلال لەبارەی رەوشی كوردستان و ناكۆكییە نێوخۆییەكانی حیزبەكەی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: “ئێستا لەنێو هەرێمی كوردستان پشێوییەكی گەورە هەیە، لەنێو عێراقیش پشێوییەكی گەورە هەیە، لەنێو یەكێتیش پشێوی هەیە، پشێوییەكە لە غەیبەوە نەهاتووە و خۆمان دروستمان كردووە، دەبێت هەر خۆشمان چاكی بكەین”.

لەبارەی وادەی بەستنی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیش گوتی: “رەنگە لە یەكی سێی 2018 ەوە تاوەكو كۆتایی هەمان مانگ ببەسترێت”.
لە وەڵامی دوو پرسیاری رووداویشدا كە بریتیبوون لە: ئایا كەی كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی دەكرێت؟ هەروەها ئەمڕۆ لێرە هەموو هاونیشتمانیان داوای پاراستنی یەكێتی نێو یەكێتییان كرد، بۆ ئەمە چیتان كردووە؟ سەعدی پیرە گوتی: “ئەنجامدانی كۆبوونەوە پەیوەندی بە كاك كۆسرەتەوە هەیە و ئەو لە ئەنجامدانی كۆبوونەوە بەرپرسە و دەبێت ئەو داوابكات، بۆ پرسیاری دووەمیش ئەگەر گەنجانی حاجی ئۆمەران و گەرمیان و بادینان و هەر جێگیەیەك داوای ئەوەمان لێبكەن، دەبێت خاڵێك دابنێین و پێداچوونەوە بە خۆماندا بكەینەوە”.
لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و هەڵبژاردنی دەستەیەكی نوێی بەڕێوەبرن بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسول گوتی: “ئەو بڕیارە لەكاتی خۆیدا دراوە، بەڵام نابێت یەكێتی هەنگاوێك بۆ چاككردن بهاوێژێت كەچی لەگەڵ پەیڕەو و پرۆگرام یەكنەگرێتەوە، بە قسەی زلیش نییە، دەبێت یەكێكی شارەزا پەیڕەو تەفسیر بكات، ئەگەر من بڵێم ئەوەی كرا دژی پەیڕەوە راست نییە، یان بڵێم ئەوەی كرا لەگەڵ پەیڕەوە ئەوەش راستنییە، دەبێت دابنیشین لێیبكۆڵینەوە، هەروەها هەر دەستەیەك دەتوانێت یەكێتی نێو یەكێتی بپارێزێت، یەكێتی سەربخات و نێوماڵی كورد كۆبكاتەوە، وەكو كارمەندیش بێت من لەپشتی دەبم”.
سەبارەت بە كاندیدكردنی ئەندامانی دەستە نوێیەكەش گوتی: “تاوەكو ئێستا هیچ ناوێك كاندیدنەكراوە، ئەو ناوانە هەموو ئومێدەوارین، ئەوانەی ناویان دێت كەسی موعتەبەرن، بەڵام دەبێت بڕیاری لەسەر بدرێت”.
رەوشی كەركووك و دانانی پارێزگارێكی نوێ یەكێكی دیكە لە تەوەرەكانی لێدوانە رۆژنامەڤانییەكەی سەعدی پیرە بوو و رایگەیاند: “پێموایە برادەرانی كەركووك كاندیدیان هەیە، هەركاتێك 21 كەس لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆببنەوە و یەكێك هەڵبژێرن دروستە”.
لەبارەی رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەریش گوتی: “ئەو لایەنانەی تۆمەت بۆ یەكێتی دروست دەكەن غەدر دەكەن، پێویستە داوای روونكردنەوە لە یەكێتی بكەن و بڵێن ئەوەی لە كەركووك روویدا چی بوو؟ نەك ختمێكی لێدەن و یەكسەر بڵێن خیانەتە، پێموایە ئەوە كارێكی خراپە، بۆ خەڵكی كەركووكیش ئێمە كە ئەم هەموو ساڵە دژی تەعریب كاردەكەین و دەڵێین ناكرێت گۆڕانكاری لە شارەكەدا بكرێت، ئەگەر خۆمان بڕۆین و شارەكانمان چۆڵ بكەین، بەدەستی خۆمان ئەو گۆڕانكارییە دروستدەكەین، قسەمان لەسەر ئەوە نییە خەڵك نابێت گلەیی هەبێت، بەڵكو دەڵێین دەبێت خەڵك خاكەكەی خۆی بپارێزێت”.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەش كە ئێستا عەرەب و توركمانەكان كەوتوونەتەخۆ، ئایا حیزبە كوردستانییەكان چییان كردووە و كەی كۆدەبنەوە؟ گوتەبێژی یەكێتی گوتی: “عەرەب و تورك هیچ كات یەك نابن، سەركردایەتیی كوردیش لەبارەی كەركووك یەك دەبێت، ئێستا توركمانەكان هاوار هاواریانە، عەرەب قسەیەكی هەیە دەڵیت (یەكێكی دیكە دەبینیت ئینجا خێری من دەزانیت)، ئەوان ئەوەندە بۆڵە بۆڵ و گلەییان لەسەر ئیدارەی كوردی لە كەركووك هەبوو، دوای هاتنی ئەم دار و دەستەیەی ئێستاش هاوار هاواریانە”.

لەبارەی حكومەتی رزگاریی نیشتمانیش كە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و بەرهەم ساڵح داوای دەكەن، گوتەبێژی یەكێتی گوتی: “ئەوە تەنیا دروشمە و لە دروشمیش دەرناچێت، لەم ماوەیە ئەمریكا لێدوانی داو رایگەیاند پشتیوانی لە خەڵكی كوردستان و داخوازییەكانیان دەكەین، هەروەها دژی ئەوەیە عێراق لەم شەڕە ورد و سنووردارانەی دەكرێن فڕۆكە بەكاربێنێت، هاوكات دەڵێت پشتیوانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین و تەنانەت ناوی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت دەهێنێت و دەڵێ پشتیوانییان دەكەین، بەو لایەنانەش دەڵێت كە داوای حكومەتی رزگاریی نیشتمانی دەكەن، پشتیوانی لەو حكومەتەی ئێستا بكەن”.

پەیوەست بە هەمان بابەت سەعدی پیرە باسی ئەگەرێكی كرد و گوتی: “ئەگەر بیانەوێت ئەم حكومەتە لابدەن، دەبێت دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمان بێنن، ئەمەشیان پێنایەت، ئەگەر حكومەتی رزگاریی نیشتمانیشیان دروستكرد ئەی نابێت یەكێك بۆیان جێبەجێ بكات، خۆیان دەڵێن چوار لەسەر پێنجی هەموو كارمەندانی كوردستان یەكێتین یان پارتین، ئەی ئەگەر یەكێتی و پارتی لەگەڵ ئەو حكومەتە نەبن كێ كاریان بۆ دەكات؟”.

Back to top button