جه‌نگی به‌غدا له دژی رهمزهكانمان
ئازاد جندیانی
ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی مێژوویی:
له‌وه‌ته‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد تێكۆشان بۆ سه‌رفرازی و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌كا، به تایبه‌ت له باشووری كوردستان، له‌پاڵ ده‌یان شێواز‌و ئه‌ده‌واتی ململانێی نێوان نه‌ته‌وه‌كه‌مان و داگیركه‌رانی، له‌پاڵ جه‌نگی سیاسی و چه‌كداری و كلتوری رزگاریخوازیمان، جه‌نگێكی تری گه‌رم, به‌ڵام نه‌رم له نێوان ئێمه‌و دوژمنانمان به‌رده‌وام بووه، ئه‌ویش جه‌نگی سمبولهكان بووه.
جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز (وه‌ك نموونه) له‌و ساته‌وه كه پیره‌مێردی نه‌مر شانی دایه به‌ر و نه‌ورۆزی كرد به جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی كورد، ئیتر ئه‌و جه‌ژنه بووه ره‌مزێك كه هه‌موو ماناكانی نه‌ته‌وه‌بوون، به‌رخۆدان، زیندوو هێشتنه‌وه‌ی مێژوو به قووڵایی خۆی، ئاماده‌گی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌یان مانا‌و ده‌لاله‌تی تر له نه‌ورۆزدا كۆكرابووه‌وه، یادكردنه‌وه‌ی نه‌ورۆز لای نه‌ته‌وه‌كه‌مان تۆخترین ته‌عبیر بوو له كوردایه‌تی, بۆیه حكومه‌ته یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانی عیراق له‌هه‌ردوو سه‌رده‌می پاشایه‌تی و كۆماری‌دا به‌هه‌موو شێوازێك كه‌وتنه دژایه‌تیكردنی نه‌ورۆز, تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه ویستیان چاو بهستهكێ له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌ماندا بكه‌ن و هه‌مان رۆژی (21ی ئادار) یان به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ناو نابوو ((رۆژى دره‌خت)) بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و جه‌ژنه نه‌ته‌وه‌ییه‌مان لێ بگۆڕن، له‌و رۆژه‌دا به‌زۆره ملێ هه‌زاران خوێندكار‌و قوتابی و هه‌روا فه‌رمانبه‌رانیان ناچار ئه‌كرد ئه‌و رۆژه به‌ناوی رۆژ یان جه‌ژنی دره‌خته‌وه له‌سه‌ر حسابی ده‌وڵه‌ت نه‌مام بنێژن, كه دواجار ئه‌و فێڵ و فرتهشیان بۆ نه‌چووه سه‌رو نه‌یانتوانی ئه‌و جه‌ژنه نه‌ته‌وه‌ییه بسڕنه‌وه و ناچاربوون دان به جه‌ژنی نه‌رۆزدا بنێن.
ئاڵای كوردستان:
هاوشێوه‌ی نه‌ورۆز حكومه‌ته‌كانی عیراق ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش كه كورد له‌ناو خۆشی‌دا به فه‌رمی ئاڵای نه‌بوو، ئه‌وان دژی هه‌رجۆره ناو هێنانێك و نه‌خشه سازیێهكی ئاڵای كۆماری كوردستان، یان ئاڵای شۆڕشه‌كانی باكووری كوردستان بوون و ره‌نگه سه‌دان و هه‌زاران هاووڵاتی كورد له‌سه‌ر كه‌یسی نه‌خشه سازی یان رهمزسازی ئاڵاوه ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌و سزادرابن, به‌ڵام ده‌وڵه‌تی عیراق نه‌یتوانی كۆتایی به‌وشێوازه له مقاوه‌مه‌ت و كوردایه‌تی بێنێ, له سه‌ختترین و دڕندانه‌ترین رۆژگاریشدا نه‌یتوانی نه نه‌ورۆز و نه ئاڵا‌و نه پیاهه‌ڵدان به ره‌مزه‌كانی نه‌ته‌وه له‌بیر خه‌ڵكی كوردستان بباته‌وه، زۆرجار وا كه‌وتۆته‌وه كه نووسه‌ران و شاعیرانی گه‌له‌كه‌مان و هونه‌رمه‌ندان بۆ ده‌ربڕین و پابه‌ند بوون به ره‌مزه‌كانی نه‌ته‌وه، دیسان په‌نایان بردۆته به‌ر به‌كارهێنانی ره‌مزی تری ئه‌وتۆ كه له‌توانای ده‌زگا داپلۆسێنه‌رو سانسۆریهكانی رژێمه‌كان نه‌بوو قه‌ده‌غه‌ی بكه‌ن. پرۆسه‌ی رهمزسازی له‌ناوكورددا، به تایبه‌ت له بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و كه‌له‌پوردا وه‌ك به‌شێك له پێداویستیه‌كانی به‌رگرى و وه‌ك به‌شێك له ئازاردانی داگیركه‌ر به‌رده‌وام بووه، كه له‌م وتاره كورته‌دا جێی باس و لێكۆڵینه‌وه‌و دۆزینه‌وه‌و خستنه به‌رچاوی ئه‌و جۆره ره‌مزانه نیه، كه هیوادارم پسپۆڕان وه‌ك به‌شێك له رۆشه‌نبیری سه‌ربه‌خۆیی لێی بكۆڵنه‌وه‌و نه‌وه‌ی ئێستای نه‌ته‌وه‌كه‌مانی پێ ئاشنا بكه‌ن (خۆشم له‌ده‌رفه‌تێكی تردا دێمه‌وه سه‌رئه‌و باسه) .
له دوای راپه‌ڕین هه‌رچه‌نده به فه‌رمی ئاڵایه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان په‌سند نه‌كرا (به‌داخه‌وه هۆكاره‌كه‌ی ململانێی ناوخۆبوو), وه‌لى ئیتر نهورۆزو بۆنه‌كانی تر‌و ئاڵا‌و لۆگۆش بوونه به‌شێك له حزوری حزبه سیاسیه‌كان و بوونه ئه‌ده‌واتی ململانێ، وه‌ك چۆن له ئاماده‌كاری و پێداویستیه‌كانی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ هه‌ر لیستێكی هه‌ڵبژاردن ره‌نگێكیان پێدرا، به‌ڵام كورد یاخود یاسایی تر بڵێم هه‌رێمی كوردستان نه‌بوو به خاوه‌نی ئاڵایه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی تا له 11/11/1999 دا په‌رله‌مانی كوردستان بڕیارێكی له‌وباره‌وه دهركردو سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش به بڕیاری ژماره (60) شوێنی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانی دیاركرد. هه‌رچه‌نده به داخه‌وه له‌به‌ر ململانێی ناوخۆ‌و دوو ئیداره‌ییه‌وه تا دوای رووخانی سه‌دام حسه‌ین ئاڵاكه به‌ته‌واوی له‌هه‌موو ناوچه‌كانی هه‌رێم هه‌ڵنه‌درا.
ئه‌و پێشه‌كیه دوور‌و درێژه‌م بۆ ئه‌وه بوو تا له باره‌ی مانا‌و ده‌لاله‌ته‌كانی ئه‌و شاڵاوه نادیموكراسی و شۆڤێنیه نه‌ته‌وه – مه‌زهه‌بیه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و هه‌روا حكومه‌تی عه‌بادیه‌وه بدوێم كه به‌به‌رچاوی هه‌موومانه‌وه له كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تردا سوكایه‌تی به ئاڵای كوردستانه‌وه ئه‌كراو ئه‌خرایه ژێر پێ و ئهسوتێنراو ده‌یان ره‌فتاری تری نابه‌جێیان له‌به‌رامبه‌ری ئه‌كرد و له‌سه‌ریشی به‌رده‌وامن. گه‌ره‌كمه سه‌رنجی خوێنه‌ران و هاووڵاتیانی كوردستان بۆ ئه‌وه رابكێشم كه ئه‌وه‌ی رووئه‌دا له دیدێكی ره‌گه‌ز پهرستانهو شۆڤێنستانه‌ی كار به‌ده‌سته ده‌وڵه‌ت – مه‌زهه‌بیه‌كانی به‌غداوه سه‌رهه‌ڵئه‌دا، ئه‌مه رێك راگه‌یاندنی جه‌نگێكی تره له‌پاڵ جه‌نگی راگه‌یه‌ندراوی راسته‌قینه له دژی كوردستان، واتا ئه‌مه جه‌نگی ئه‌وانه له‌دژی ره‌مزه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان، ئه‌وه‌ی روو ئه‌دا گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بارودۆخهكانه بۆ ئه‌و رۆژگاره تاڵ و تاریكانه‌ی كه ئێمه‌ش و عیراقیش پیایدا تێپه‌ڕین. لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری ورد‌و درشت ئه‌وه‌مان بۆساغ ئه‌كاته‌وه كه ئه‌و جه‌نگه‌ی به‌غدا له‌دژی كورد رایگه‌یاندووه، جه‌نگێكی ته‌واو عه‌یاره له‌دژی كورد و مێژوو و رهمزهكانیشی، جه‌نگێكه به ئاراسته‌ی ورد‌و خاشكردنی ئیراده‌ی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك, هه‌ر بۆیه ئه‌بێ ئه‌وه‌مان به روونی له‌به‌رچاو بێت و بزانین و دوودڵ نه‌بین كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستای به‌غدا ده‌ستوور ته‌نیاو ته‌نیا وه‌ك داهۆڵێك به‌كاردێنێ بۆ ئه‌وه‌ی كورد نامۆبكا به مێژوو و جوگرافیای وڵاته‌كه‌ی و به ره‌مزه‌كانی و بمانباته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی كه ناچاربووین شه‌ڕی قورس له‌سه‌ر رهمزهكانمان بكه‌ین، چونكه نه‌ك خۆمان وه‌ك نه‌ته‌وه, به‌ڵكو رهمزهكانیشمان كه‌وتوونه‌ته به‌رشاڵاوی نه‌مان و سڕینه‌وه, ئه‌مه له‌كاتێكدایه له سه‌ر تاپای شوێنه‌كانی تری عیراقدا شار‌و شه‌قامه‌كان و بگره لادێكانیش, به‌سه‌ر سه‌دان جۆر له ئاڵای مه‌زهه‌بی جیاجیا خه‌ریكه وێران ئه‌بێ.
شه‌هیدان وه‌ك ره‌مز (شه‌قامی شه‌هید شێركۆ فاتح):
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستای به‌غدا مه‌به‌ستیه‌تی كه هیچ ره‌مزێكی كوردستان نه‌هێڵێ، تا له‌و گۆشه‌یه‌شه‌وه سیاسه‌تی بێكهرامهتكردن له دژی كورد به‌كار بهێنێ و شكۆی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له رێی شكاندنی شكۆی رهمزهكانیشمانهوه بشكێنێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و ره‌مزه ناو‌و تابلۆی شه‌هیدێكیش بێ، كه له شه‌ڕی خوێناوی دژی داعشیشدا شه‌هید بووبێ, گۆڕینی ناوی شه‌قامێكی كه‌ركوك كه به‌ناوی شه‌هید شێركۆ فاتح شوانیه‌وه بوو (كه بێگومان له كاتی دانانیدا رێوشوێنی یاسایی بۆ ناولێنانهكهی گیراوه‌ته‌به‌ر) به ناوێكی تر, كه ئه‌و كرده‌وه كرێت و ناشایستهیهیان له‌گه‌رمه‌ی شه‌ڕی داگیركردنهوهكهدا نه‌بوو، تا وای پاساو بده‌ین كه ئه‌مه ره‌فتارێكی خۆسه‌ری كه‌سێك یان گروپێكی چه‌كداربووه، به‌ڵكو دوای تێپه‌ڕینی چه‌ند رۆژێك به‌سه‌ر داگیركردنه‌وه‌ی كه‌ركوكدا و له رێوڕه‌سمێكدا، كه له كه‌ناڵه‌كانی میدیای سه‌ر به به‌غدادا بڵاوكرایه‌وه، تابلۆ‌و وێنه‌ی شه‌هید شێركۆ لادراو تابلۆی تری له‌جێ دانرا. له‌و باره‌وه دوو سه‌رنج پێویستن بووترێن : یه‌كه‌میان شه‌هید شێركۆ له گه‌رمترین و سه‌ختترین شه‌ڕی به‌رگری له كه‌ركوك و تێكشاندنی داعشدا زۆر ئازایانه‌و سه‌ربه‌رزانه شه‌هیدبوو, ئه‌وانه‌ش كه بڕیاری گۆڕینی ناوی شه‌قامه‌كه‌یان داوه‌و به‌وانه‌شه‌وه كه له مه‌راسیمی كوده‌تای ناجوامێرانه به‌سه‌ر شكۆی شه‌هید شێركۆ ئاماده‌بوون، له‌و رۆژه‌دا كه شێركۆو هاوسه‌نگه‌رانی تری داعشیان شكاند و خۆیان شه‌هید بوون، ئه‌و كوده‌تاچیانه له ترسی داعش كونه‌مشكیان لێ ببووه كۆشك و ته‌لار. سه‌رنجی دووه‌میش ئه‌وه‌یه كه‌وا دابنێین ئه‌و كه‌سه‌ی (ده‌سه‌ڵاتی ته‌عریبی نوێ) ناوی شه‌قامه‌كه‌ی شه‌هید شێركۆیان به‌ناوی ئه‌وه‌وه ناودێر كردووه، شایسته‌ی ئه‌وه‌بێ شه‌قامێكی بهناوهوهبێ، خۆ كه‌ركوك به‌و هه‌موو فراوانیه‌ی ئێستایه‌وه شه‌قامی تری تیا‌بوو كه به‌ناویه‌وه بكه‌ن, لێره‌دا روون ئه‌بێته‌وه كه ده‌سه‌ڵاتی ئێستای كه‌ركوك مه‌به‌ستی بوو كه به‌كورد بڵێ: له‌كه‌ركوكدا نه‌جێی ئێوه هه‌یه‌و نه‌جێی شكۆ بۆ شه‌هیده‌كانتان.
جێی خۆیه‌تی لێره‌دا به‌توندیش ره‌خنه له به‌شێك له‌میدیاكانی كوردستان بگرم، كه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوان و سوكایه‌تیكردنه به ره‌مزێكی شه‌هیدانمان خۆیان كردبووه كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت و هیچیان نه‌وت, هاوكات زۆریشم لاسه‌یره و زۆریش پێی نیگه‌رانم كه ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی (ده‌سه‌ڵاتی ته‌عریبی نوێ) وه‌ك هه‌واڵێكی ئاسایی بڵاوبووه‌وه‌و كاردانه‌وه‌و گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری به‌دوای خۆیدا نه‌هێنا! من دڵنیام ده‌یان پێشمه‌رگه‌و تێكۆشه‌ر دوای شه‌هیدبوونی شێركۆ ده‌یان زارۆكی خۆیان به‌ناوی ئه‌وه‌وه ناو ناوه، ئه‌وه‌ش ئه‌زانم كه ناوی شه‌هید له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه لادرا، زۆربه بگره هه‌موو پێشمه‌رگه و هاووڵاتیانی كوردستان، به تایبه‌ت له‌كه‌ركوك ناڕه‌حه‌ت و دڵگران بوون و به‌و كاره‌ی پارێزگاری به‌وه‌كاله‌ت و ئه‌و لایه‌نانه‌ی پشتیوانی و خۆشحاڵیان ده‌ربڕی و هه‌روا به‌رپرسانی حه‌شدی شه‌عبی و پۆلیسی فیدڕاڵی و هێزه‌كانی تری به‌غدا له كه‌ركوك، خه‌ڵكی كوردستان و به‌تایبه‌ت كوردانی كه‌ركوك پترو باشتر بۆیان ده‌ركه‌وت كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستای به‌غدا شكۆ شكێنی كورده, وه‌لى ئه‌بێ ئه‌وانه‌ی شكۆی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و شكۆی رهمزهكانمان ئه‌شكێنن و قاقاش به‌و ره‌فتارانه‌یان پێ ئه‌كه‌نن، ئه‌و راستیه باش باش بزانن كه شه‌هید شێركۆ له دڵ و تۆماری سه‌ربه‌رزی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا باڵاتر‌و شكۆمه‌ند تربووه، هه‌روا ئه‌بێ راستیێكی تریش بزانن و بیكه‌نه ئه‌ڵقه له‌گوێی خۆیاندا كه دواجار ئه‌وانن باجه گرانه‌كه‌ی ئه‌ده‌ن و ئه‌وانن كه ئه‌بێ به‌سه‌ر مه‌رگی خۆیاندا به كوڵ بگریه‌ن.
ئاڵاكه‌مان هه‌ر له‌به‌رزیدا ئه‌مێنێته‌وه‌و شه‌هیدانیشمان، پیره‌مێردی شاعیر وته‌نی ( له‌دڵی میلله‌تا ئه‌ژین)