مەلا بەختیار: جارێكی تر بێ بەری بوونی خۆی لە خیانەتكەی 16ی ئۆكتۆبەر ڕاگەیاند
دوای ئەوەی كە میلیشاكانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران, بە هاوكاری گرووپێكی خیانەتكاری یەكێتی كەركووك و چەند ناوچەیەكی كوردستانیان داگیركرد, دوای رووداوەكە مەڵا بەختیار ئەم گرووپەی یەكێتی بە كالفام ناوبردن, كە خیانەتیان لە كوردستان كرد, ئەمڕۆ جارێكی دیكە, رایگەیاند:”تۆزقاڵێك بەرپرسیارێتیی ئەو دۆخەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانی لەسەر نییە كە ئێستا دەگوزەرێت”.
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، وێنەیەكی بڵاو كردەوە كە تێیدا لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی لە خانەقین دەردەكەوێت. لە پەراوێزی وێنەكەشدا نووسیویەتی: ”ئێستا كە خانەقین لەدۆخێكی خەمباردایە، ویژدانی خەڵكەكەی بریندارە و منیش لەوان زیاتر“.
هاوكات ئەوەی نەشاردووەتەوە: ”سەربەرزم كە تۆزقاڵێك مەسئولیەتی ئەم دۆخەی خانەقین و ناوچە كێشەلەسەرەكانم لەسەر نییە“. باسیشی لەوە كردووە كە دڵنیایە لەوەی یەك لیتر نەوتی خانەقینی نەبردووە و لەگڵ هیچ كۆمپانیایەكدا بەرژەوەندیی تایبەتی نییە. چەند خاڵێكی دیكەشی ئاماژە پێداوە.
ئەم قسانەی مەلا بەختیار لە كاتێكدا دێت كە ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی یەكێتی، پەلاماری خورماتوو، كەركووك و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆكتۆبەر كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی نێو یەكێتی دایە“.