عێراق: دژ بە پرۆژە بڕیارێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا هاتە دەنگ كە راستەوخۆ چەك بە پێشمەرگە بدرێت
دوای ئەوەی ئەمڕۆ كۆنگریسی ئەمەریكا مەرجی گەڕانەوە بۆ بەغدا لە پرۆژە بڕیاری پێدانی چەك بە هێزەكانی پێشمەرگەی سڕیوەتەوە و بۆ لەمەودوا بەبێ پرسی بەغدا هاوكاری سەربازی پێشكەش بە هەرێمی كوردستان دەكات، لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق داوا لە ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق دەكات، رێگری لە كۆنگریسی ئەمەریكا بكات و رێگە نەدات دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای پێدانی هاوكاری سەربازی بە هێزەكانی پێشمەرگە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا بدرێت.
ئەسكەندەر وتوت ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە “كێشەی ریفراندۆمی كوردستان هێشتا بەردەوامە” و ئاماژەی بەوەشكرد “ئەركی وەزارەتی دەرەوەیە كار لەسەر ئەوە بكات كۆنگرێسی ئەمەریكا دەنگ لەسەر ئەو پرۆژە بڕیارە نەدات، تا ئەوكاتەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەتەواوەتی چارەسەر دەبن” هۆشداریشی لەمابەرەوە داوەتە ئەمەریكا.
هەولەكانی حكومەتی عێراق دوای ئەوە هات كە ئمڕۆ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریكی گواستبوویەوە “لە پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2018 دا، كۆنگرێسی ئەمریكا بڕی 365 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە رووی سەربازییەوە دیاریكردووه و ئەو مەرجەیشی ساڵانی پێشوو بۆ هاوكارییەكە دانرابوو كە (لە چوارچێوەی یەكپارچەیی عێراقدا هاوكاری پیشمەرگە بكرێت) لە پرۆژەكەی ئەمساڵدا لایانداوە و بە بێ مەرجی ئەوەی كورد لە بەغدا بەشداربێت یان نا، هاوكارییەكەیان دیاریكردووە”.
لە راپۆرتەكەی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریكیدا هاتووە، دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، لە پرۆژە بڕیاری نوێی كۆنگرێس ئەو مەرجە لادراوە كە پێویستبوو لە چوارچێوەی یەكپارچەیی خاكی عێراقدا چەك بە هێزەكانی پێشمەرگە بدرێت.
لەساڵی 2003 وە ئەمەریكا تێچووی هاوكاریە سەربازیەكانی ئەمەریكا بۆ عێراق سنووری 25 ملیار دۆلاری تێپەڕكردووە، بەگوێرەی ئامارەكانیش، تەنیا بەشێكی زۆر كەمی ئەو هاوكاریانە بەدەست هێزەكانی پێشمەرگە گەیشتووە، لەكاتێكدا پێشمەرگە وەك بەشێك لە سیستەمی بەرگری عێراقی دەناسرا.
ئەم بڕیارەی كۆنگرێسی ئەمەریكا لەكاتێكدایە، بەشێك لە كۆنگرێسمانە هەرەدیارەكانی ئەمەریكا كەمپینێكیان بۆ پشتگیریكردن لە سەربەخۆیی كوردستان راگەیاندووە و دژایەتی خۆیان بۆ هێرشەكەی حەشدی شەعبی بۆ سەر هەرێمی كوردستان نیشان داوە، ژمارەیەكی زۆریشیان داوایان لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كردووە، پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان بكات.
هەر لەم چوارچێوەیەشدا، بەر لە دوو رۆژ جۆن مەكین گەورە سیناتۆری دیاری ئەمەریكا لە گوتارێكدا لە رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزی ئەمەریكی جەختی كردبۆوە “ئەگەر ئەمەریكا بیەوێت لەنێوان كورد و گروپە میلیشیاكانی سەر بە ئێران و و حەشدی شەعبی یەكێكیان هەڵبژێرێت، پێویستە كورد هەڵبژێرێت”.
لەلایەكی دیكەشەوە ماوەیەكە لەسەر پرۆژە پێشنیازێكی هەریەك لە ترێنت فرانكس و براد شێرمان دوو كۆنگرێسمانی ئەمەریكی، كۆنگرێس كار لەسەر پرۆژە یاسایەك دەكات، كە ناوی هەریەك لە گروپی عەسائیب ئەهلول حەق، بزووتنەوەی نوجەباو و حیزبوڵڵای عێراقی كە سێ گروپی دیاری حەشدی شەعبین بخاتە لیستی تیرۆرەوە، چونكە بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی هەریەك لە فرانكس و شێرمان پێشكەشیان كردووە، ئەو سێ گروپەی حەشدی شەعبی كردەوەی تیرۆریستیان لە چەندین ناوچەی عێراق ئەنجامداوە.