سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە
بەمەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی هەنووكەی كوردستان, دروستكردنی هەماهەنگی زیاتری نێوان حكومەت و پەرلەمانی كوردستان سبەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە: بڕیارە سبەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا بكەن.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان و رۆڵی پەرلەمان لە چارەسەركردنی كێشەكان دەكرێت.
بەر لە چەند رۆژێك پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی، هاوكات كە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستانیشە راسپاردبوو، بۆئەوەی نێوەندگیری لە نێوان سەرجەم پارتە سیاسیەكانی كوردستاندا بكات، بەمەبەستی لێكنزیكبوونەوە و درووستبوونی كۆدەنگیەكی بەهێز لەنێوان لایەنەكاندا.