دوا ئامار…به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ له‌ كوردستان 7 هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستدا

وه‌زیری ته‌ندرووستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دواین ئاماری قوربانیانی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی راگه‌یاند و گووتی”به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ له‌ باشووری كوردستان 7 هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و 321 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.

(رێكه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید) وه‌زیری ته‌ندرووستی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13/11/2017 له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند” له‌ شارۆچكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان 4 كه‌س و له‌ ناوچه‌ی گه‌رمیان 2 كه‌س و له‌ شاری سلێمانیش كه‌سێك به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌”.

وه‌زیری ته‌ندرووستی ئه‌وه‌شی راگه‌یاند” 120 كه‌س به‌هۆی ترس و دڵه‌ڕاوكێوه‌و 201 كه‌سی دیكه‌ش به‌هۆی برینداربوونه‌وه‌ گه‌یه‌نراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌كان”.

شه‌وی رابردوو بومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز له‌ رۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستانیدا و به‌گوێره‌ی پێوه‌ری رێخته‌ر 7.2 پله‌ی تێپه‌ڕاندووه‌و له‌ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ هاووڵاتیان هه‌ستیان به‌ هێزی له‌رزینی زه‌وی كرد.

له‌ پارێزگای كرماشانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان زۆرترین قوربانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌. به‌گوێره‌ی دواین ئامار زیاتر له‌ 207 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و زیاتر له‌ 2000 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

Back to top button