راگەیەندراوێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 13/11/2017، بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ئەنجام دا.

ئەنجومەنی وەزیران پرسە و سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیانی بوومەلەرزەكەی شەوی ڕابردوو لە سنووری هەڵەبجە و گەرمیان و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد و هیوای زووچاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست، تیمێكی بەپەلەیشی دروست كرد بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان، سوپاسی دامودەزگاكانی حكوومەتی لە ناوچەكە كرد بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان، هەروەها سوپاسی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا و دەزگای بەهاناوەچوونی ئافادی توركی كرد كە هاوكاری و تیمێكی فریاگوزارییان بۆ هاوكاریی لێقەوماوان ناردووە، داوای كرد حكوومەتی عێراقی فیدراڵیش وەك پێویست بەپیر لێقەومانەوە بێت.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە كە خوازیارە هەموو كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لە ڕێگەی دیالۆگێكی جددییەوە لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكات، نیگەرانیی خۆیشی نیشان دا كە حكوومەتی فیدراڵ وێڕای ئەوەی باس لە پابەندبوون بە دەستوورە دەكات، بەڵام له كرداردا وا نییە و هەنگاوی نادەستووری بەرامبەر بە هەرێم دەگرێتە بەر، وەك پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 و كەمكردەوەنەی بودجەی هەرێم، بەكارهێنانی ئەو دەستەواژانەی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی فیدراڵی هەڵدەوشێنێتەوە و چەندین بڕیار و ڕێكاری دیكەی نادەستووری بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان.

Back to top button