خەسرۆ گۆران: پارتی بڕیاری نەداوە بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق بكات

 

لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق,پارتی لە ئێستادا بڕیاری بەشداری كردنی نەداوە, ئەمە لەكاتێكدا بە هۆی بڕیارە عەسكەرتاریەكانی حكومەتی عێراق دۆخێكی نا ئارام لە بەشێكی زۆری خاكی كوردستان هاتۆتە ئاراوە, ئەگەری هەیە كە كاریگەری بكەوێتەوە بەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و لێپرسراوی دەزگای ھەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لەوە دەكات، ھیشتا كات ماوە بۆ ئەوەی پارتی بڕیاری خۆی لەبارەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات.

خەسرۆ گۆران، لێپرسراوی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە، ڕایگەیاند: ”ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردنی عێراق دەكرێت و بڕیارەكە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و حكوومەتی عێراق داویانە“.

ئەوەشی ڕوون كردەوە، پارتی یەكەمین قەوارەی كوردستانییە كە خۆی بۆ هەڵبژاردنەكان تۆمار كردووە و لە ڕووی ڕێوشوێنی یاساییەوە هیچ گرفتێكیان نییە و ڕەزامەندیش لەسەر داواكارییەكەیان دراوە. گوتیشی: ”با بزانین دۆخەكە چی لێدێت لەنێوان ھەولێر و بەغدا، چونكە ئەوە چەندین مانگە دۆخەكە ئاڵۆز بووە، ئەگەر پەیوەندییەكان نۆرماڵ ببێتەوە و دۆخەكە باشتر بڕوات، ئەو كاتە پارتی بڕیاری خۆی دەدات بەشداری بكات یان نا، بەڵام ھێشتا كات ماوە و پارتی چاوەڕێ دەكات”.

ئەوەشی نەشاردەوە كە هەست بە بوونی نەرمی لە لایەنی عێراق دەكات و ڕای گەیاند: ”لە ڕەفتارەكانی بەغداوە دیارە كە نەرمییەك هەیە، بەڵام نازاندرێت كەی گفتوگۆكان دەست پێ دەكەنەوە“.

Back to top button