ناتانیاهۆ : ئیسرائیل گوێ بەهیچ رێكەوتنێك لە سووریا نادات
ئێوارەی ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە میانەی بەشداری كردنی لە دانیشتنێكی پەرلەمانی وڵاتەكەی رایگەیاند كە بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و رووسیای راگەیاندووە، ئیسرائیل بەگوێرەی پێویست جووڵە لە سنووری سووریا دەكات و لە تەنگانەدا گوێ بەو هەوڵانەی مۆسكۆ و واشنتۆن نادات، كە لەپێناو راگەیاندنی ناوچەی ئاگربەست لە سووریا دەدەن.
ناتانیاهۆ بەئاشكرا بە ئەندامانی حزبی لیكۆد لە پەرلەمانی وڵاتەكەی راگەیاند “ئێمە كۆنترۆڵی سنوورەكانمان دەكەین و بە بەردەوامی پارێزگاری لە خاكی خۆمان دەكەین”.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشكرد “من بە دۆستانی ئیسرائیل بەتایبەتیش لە واشنتۆن و مۆسكۆ راگەیاندووه، بەگوێرەی پێویست و لەژێر رۆشنایی تێگەیشتنمان بۆ دۆخی ئەمنی، ئیسرائیل لە ناو خاكی سووریا بەئازادی رەفتار دەكات، بەتایبەت لە باشووری ئەو وڵاتە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، رۆژی شەممە هەریەك لە ڤلادیمێر پۆتن سەرۆكی رووسیا و دۆناڵد ترەمپی هاوتا ئەمەریكیەكەی جەختیان لەسەر هەوڵی هاوبەش بۆ هێوركردنەوەی دۆخی سووریایان كردبۆوە.
لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل هەوڵ دەدات فشار بخاتە سەر پۆتن و ترەمپ بۆئەوەی ئێران و گروپەكانی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنانی و گروپەكانی دیكەی چەكداری شیعە لەوە بێبەش بكات، كە بنكەی سەربازی هەمیشەییان لە سووریا هەبێت و رێگە نەدەن ئەو گروپانە لە بەرزاییەكانی جۆلان نزیك ببنەوە.
رۆژی یەكشەممەش تساحی هەنجبی وەزیری ئیسرائیل بۆ كاروباری هاوكاری هەرێمی گومانی خۆی لە رێكەوتنی راگەیاندنی ئاگربەست لە باشووری سووریای راگەیاند و گوتی، ئیسرائیل چەندین هێڵی سووری دیاری كردووە و دەستبەرداری ئەو هێڵانە نابین.
ئەم هەڵوێستەی تەل ئەڤیڤ دوای ئەوە هاتووە، بەر لە چەند رۆژێك راگەیەندرا، هێزە ئێرانیەكان لە سووریا بنكەیەكی سەربازی هەمیشەییان لە بەرزاییەكانی جۆلان كە دەكەوێتە سەر سنووری ئیسرائیل داناوە، ئەمەش دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی نیگەران كردووە.