فەرەنسا: رێگری كردن لە دەستوەردانەكانی ئێران سەقامگیری ناوچەكە مسۆگەردەكات

دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی لوبنان دەستی لە كاركێشایەوە, حەسەن نەسرولا رایگەیاند, كە هێزەكانیان راستەوخۆر لە لایەن ئێرانەوە هاوكاری دەكرێن, دەست تێوەردانەكانی ئێران لە ناوچەكە بە تایبەت لە لوبنان روونتر دەركەوت, وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، رێگریكردن لە دەستێوەردانەكانی ئێران لە كاروباری ناوخۆی لوبنان، سەقامگیری تەواوی ناوچەكە مسۆگەر دەكات.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەنیس روماتیە ئیسپانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا جەختی كردەوە “هیوادارین ئەو یاریزانە سیاسیانەی كە كاریگەریان لەسەر لوبنان هەیە، رێگە بە تەواوی پێكهاتە سیاسیەكانی ئەو وڵاتە بدەن مومارەسەی بەرپرسیارێتی خۆیان بكەن”، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ دەستوەردانەكانی ئێران لەو وڵاتە، كە دەگوترێت حیزبوڵڵای لوبنانی راستەوخۆ فەرمان لە تاران وەردەگرێت.

رۆماتیە جەختی كردەوە: “شەوی رابردوو سەعد حەریری داوای لە ئێران كردووە دەست لەكاروباری ناوخۆی لوبنان و وڵاتانی دراوسێی وەرنەدات، ئێمەش باوەڕی تەواومان هەیە، دوورخستنەوە دەستێوەردانەكانی ئێران لە لوبنان ئاسایشی سەرانسەی ناوچەكە مسۆگەر دەكات”.

رۆژی شەممەی رابردووش كۆشكی سەرۆكایەتی فەرەنسا (ئێلیزێ) رایگەیاندبوو، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لەڕێگەی پەیوەندیەكی تەلەفۆنیەوە بە میشێل عۆن هاوتا لوبنانیەكەی راگەیاندووە، پێویستە سەركردە لوبنانیەكان بە ئازادی مومارەسەی ئەركەكانیان بكەن.

بەگوێرەی بەیاننامەكەی كۆشكی ئێلیزێ “ماكرۆن و عۆن دوا پێشهاتەكانی لوبنانیان لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەعد حەریری سەرۆك وەزیری دەستلەكاركێشاوەی لوبنان تاوتوێ كردووه و سەرۆكی فەرەنسا جەختی لەسەر پاراستنی سەقامگیری، سەربەخۆیی و ئاسایشی لوبنان كردۆتەوە‌ و پشتگیری فەرەنسای بۆ لوبنان دوپاكردۆتەوە”.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، بڕیارە بەم نزیكانە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و جبران باسیل وەزیری دەرەوەی لوبنان لە پاریس لەمبارەیەوە كۆ ببنەوە.

Back to top button