حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی دادگای فیدڕاڵی عێراقی ده‌داته‌وه‌

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێك سه‌باره‌ت به‌ راڤه‌كردنى مادده‌ى یه‌كه‌م له‌ ده‌ستوورى عێراق بڵاوده‌كاته‌وه‌ و تێیدا رایده‌گه‌یه‌نێت، رێز له‌و راڤه‌كردنه‌ى دادگاى باڵاى فیدراڵى بۆ مادده‌ى یه‌كه‌م له‌ ده‌ستوور ده‌گرین.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست (خواكوڕك) كه‌وتوه‌ تێیدا هاتووه‌” كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، بڕوامان وایه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌م راڤه‌كردنه‌ ببێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌سپێكردنى دیالۆگێكى نیشتمانیى گشتگیر بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكییه‌كان له‌ ڕێگه‌ى جێبه‌جێكردنى ته‌واوى هه‌موو مادده‌كانى ده‌ستوورى عێراقه‌وه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕاڤه‌كردنى دادگاى باڵاى فیدراڵ بۆ مادده‌ى یه‌كه‌مى ده‌ستوورى عێراق

له‌سه‌ر داواى ئه‌میندارى گشتیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى فیدراڵ له‌ ڕۆژى 5/11/2017، دادگاى باڵاى فیدراڵى له‌ ڕۆژى 6/11/2017 بڕیارى ژماره‌ 122ى ده‌ركرد سه‌باره‌ت به‌ ڕاڤه‌كردنى مادده‌ى یه‌كه‌م له‌ ده‌ستوورى عێراق كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى: (كۆمارى عێراق ده‌وڵه‌تێكى فیدراڵیى سه‌ربه‌خۆیه‌، خاوه‌ن سه‌روه‌ریى ته‌واوه كه‌ سیسته‌مى حوكمڕانى تیایدا كۆماریى په‌رله‌مانیى دیموكراتییه‌، ئه‌م ده‌ستووره‌ زامنى یه‌كێتیى عێراقه‌).

وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى كردۆته‌وه‌ كه‌ پابه‌ندى گرتنه‌به‌رى ڕێگه‌ى ده‌ستوورى و یاسایییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆییه‌كانى نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كان و هه‌رێم، له‌ ڕوانگه‌ى هه‌ڵوێستى ڕوونمانه‌وه‌ به‌ پێشوازیكردن له‌ هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك به‌م ئاراسته‌یه‌، له‌ پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ ده‌ستپێشخه‌ریى ئایه‌توڵلا عوزما سه‌ید سیستانى و هه‌ندێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ عێراقییه‌كان و وڵاتانى دۆستى گه‌لى عێراق به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوورى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكییه‌كان، ڕێز له‌و ڕاڤه‌كردنه‌ى دادگاى باڵاى فیدراڵى بۆ مادده‌ى یه‌كه‌م له‌ ده‌ستوور ده‌گرین، له‌ هه‌مان كاتیشدا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ بڕوامان وایه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌مه‌ ببێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌سپێكردنى دیالۆگێكى نیشتمانیى گشتگیر بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكییه‌كان له‌ ڕێگه‌ى جێبه‌جێكردنى ته‌واوى هه‌موو مادده‌كانى ده‌ستوورى عێراقه‌وه‌ به‌ جۆرێك ببێته‌ هۆى زامنكردنى پاراستنى ماف و ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى هاتوو له‌ ده‌ستووردا به‌و پێیه‌ى ئه‌مه‌ تاكه‌ ڕێگه‌یه‌ بۆ زامنكردنى یه‌كێتیى عێراق وه‌ك له‌ مادده‌ى یه‌كه‌مى ده‌ستووردا هاتووه‌.

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان

14/11/2017

Back to top button