لاڤرۆڤ: ئەمریكا لە مووسڵ و رەققە رێڕەوی ئارامی بۆ چەكدارانی داعش كردووەتەوە
دوای چاو پێكەوتنی یەك خولەكی نێوان سەرۆكی ئەمریكا و روسیا, بڕیار درا كە لە سووریا لە بری شەڕ بە گفتوگۆكێشەكان چارەسەربكرێن, بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دەرەویە روسیا بەیاننامەیەكی دەركرد, ئەمڕۆش سێرگی لاڤرۆڤ، رایگەیاند، رێككەوتنەكانی رووسیا و ئەمریكا پرسی كشانەوەی هێزەكانی لایەنگری ئێران ناسەپێنێت و تەنیا قسە لەسەر ئەو هێزانە كراوە كە خەڵكی سووریا نیین.
لاڤرۆڤ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ سێشەممە لە مۆسكۆ رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریكاییەكان قسەمان لەسەر میكانیزمی كاركردن لە ناوچە نیمچە ئارامەكانی باشووری خۆرئاوای سووریا كرد، كە ئەردەن بەشدارە لە پێكهێنانیاندا.
دووپاتیشیكردەوە، رێككەوتنی رووسیا، ئەمریكا و ئەردەن پرسی پاشەكشێی ئەو هێزانەی سووریایی نیین لەو ناوچەیە دەسەپێنێت و هیچ باسێك لە بارەی ئێران و هێزە لایەنگرەكانی ئەو وڵاتەوە نەكراوە.
ئەم قسانەی لاڤرۆڤ وەڵام بوون بۆ ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە رایگەیاندبوو، لەگەڵ رووسیا رێككەوتوون هێزەكانی لایەنگری ئێران لە سووریا بچنە دەرەوە.
ئەو وەزیرەی رووسیا ئەوەشی گوت: “ئەگەر بڕوانرێتە ئەو هێزانەی كە زۆرتر مەترسییان هەیە ئەوا دەكرێت بوترێت ئەوانەی سەر بە ئەمریكان مەترسی زیاتریان هەیە چونكە ئەوان تیرۆریستی بیانین و ئەو چەكدارانەشی كە دەیانەوێت بچنە ریزی بەرهەڵستكارانی سووریا بە پشتیوانی ئەمریكا”.
لاڤرۆڤ بەرگری لە ئێران كرد و گوتی: هێزەكانی رووسیا و ئێران بە شێوەیەكی یاسایی لە سووریان و لەسەر داوای حكومەتی شەرعی سووریا چوونەتە سووریا بە پێچەوانەی هێزەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات.
لاڤرۆڤ ئاشكراشیكرد، كە ئەمریكا رێگەی داوە و كارئاسانی بۆ تیرۆریستان كردووە تا لە مووسڵ و رەققە دەرباز بن و رێڕەوی ئارامی بۆ دەرچوونی چەكدارانی داعش لە هەردوو شار كردووەتەوە.