ئەمەریكا: چەكەكانمان كەوتوونەتە دەست میلیشیاكانی سەربە ئێران لە عێراق
بەرپرسانی ئەمریكا دانیان بەوە ناوە كە چەكەكانیان كەوتونەتە دەست میلیشاكانی سەربە ئێران لە عێراق، ژمارەیەك بەرپرسی باڵای ئەمریكا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی چەكەكانی ئەمریكا لە عێراق كەوتوونەتە دەست چەكدار و میلیشیا شیعەكانی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران كە لە لایەن وڵاتەكەیانەوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە. هاوكات مانەوەی بەرپرسانی ئیدارەی پێشووی ئەمریكا لە ئیدارەی ئێستای ترەمپدا، بە هۆكاری شكستی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان دەزانن.
ئەمریكا دانی بەوەدا ناوە كە رۆڵی ھەبووە لە پرچەككدرنی میلیشیاكانی سەربە ئێران لە عێراق. چەند كۆنگرێسمان و بەرپرسی باڵای سەربازی و سیاسی ئێدارەی ئەمریكا بە سایتی بەناوبانگی ئەمریكی “زە واشنتن بیكن”یان راگەیاندووە زۆر نیگەرانن لەوەی كە ئەو چەكانەی ئەمریكا بە عێراقیداوە كەوتوونەتە دەست میلیشیا شیعەكانی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران كە لە لیستی تیرۆری وڵاتەكەیاندان.
بەرپرسە ئەمریكییەكان دانیان بەوەدا ناوە ئەم كارەی ئەمریكا شكستی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان دەگەێنێت لە ناوچەكەدا.
“زە واشنتن بیكن” ئاشكرای دەكات ئەو بەرپرسە ئەمریكیانە دەستیانكردووە بە رادەستكردنی بەڵگەكانیان بە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان كە چۆن خەریكن ھەڵەیەكی زۆر ستراتیژی دەكەن و ھۆكارێكی ھاوبەشیان دروستكردووە و ھاوكارییەكانیان بوونەتە ھۆی بەھێز كردنی ئێران لە ناوچەكەدا.
سیاسەتمەدارانی ئەمریكا مانەوەی بەرپرسانی ئیدارەی ئۆباما لەناو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە ھۆكاری ئەم شكستانە دەزانن.
وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كۆشكی سپی دەڵێ: ئەو راپۆرتانەمان بەدەست گەیشتوون كە بەڵگەن لەسەر ئەوەی چەكی ئەمریكی كەوتوونەتە دەست میلیشیاكان لە عێراق و داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین ئەو چەكانە بگەرێنێتەوە ژێر كۆنترۆڵی سوپای عێراق. چونكە بەگوێرەی یاساكانی ئەمریكا نابێت ئەو رێكخراونەی چوونەتە لیستی تیرۆرەوە یان تاوانی دژی مرۆڤایەتیان ئەنجامداوە ھاوكاری بكرێن.
رۆن دیسانتیس كۆنگرێسمانی كۆمارییەكان و ئەندامی لیژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمریكا یەكێكە لەو بەرپرسە ئەمریكیانەی كە داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەكات ھەڵوێستی روونی ھەبێت.
دیسانتیس رەخنەی توند دەگرێت و دەڵێ چۆن دەبێت چەكی ئێمە بەدەست ھێزێكەوە بێت كە لە شەری عێراقدا لە 2003 سەدان سەربازی ئەمریكیان كوشتووە؟
بەگوێرەی زانیارییە ھەواڵگرییەكانی ئەمریكا چەكداری حیزبوڵا و ھێزەكانی بەدر و و چوار یەكەی دیكەی سەربازی ناو حەشدی شەعبی سودمەند بوون لە راھێنانە سەربازییەكانی ئەمریكا و ئەو چەكە ئەمریكیانەی كە بە سوپای عێراقدراون.
بەڵگەكانیش ئەوە دەسەلمێنن كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاگاداری ئەوە بووە كە ئەو ھاوكارییانە لەرێگەی ئەبوو مەھدی موھەندیسەوە گەیشتوون بە حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران.
یەكێك لەو كەسانەی كە كۆنگرێسمان و بەرپرسانی سەربازی ئەمریكا پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ دەكەن, برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە ھاوپەیمانێتی دژ بە داعش.