فەرماندەیەكی پێشمەرگە: هێزێكی نەناسراو كۆكراوەتەوە شتێك لە ئارادایە و نازانین چییە
دوای داگیركردنی كەركوك لە لایەن سوپای پاسداران و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە هاوكاری گرووپی خیانەتكارانی یەكێتی, لە ئێستادا هەوڵی دیكەی سەربازی دژ بە هەرێمی كوردستان لە ئارادان, مەترسی پەلاماردانی دیكە دەكرێت.
بەپێی زانیارییەكانی( خواكوڕك) لە چەند رۆژی رابردوو هێزێكی گەورەی چەكدارهاتوونەتە ناوچەی دوزخورماتوو، سەرچاوەیەكی بەرپرسیش هەواڵەكە پشتڕاستدەكاتەوەو دەڵێت “شتێك لەئارادایە، بەڵام ئێمە نازانین چی روودەدات”.
هەروەها (خواكوڕك) زانیویتی“هێزێكی گەورەی چەكدار كە ژمارەیان لەنێوان 400 – 500 كەسدایە چەند رۆژێكە هاتوونەتە سنوری دوزخورماتوو لەگوندی پەڵكانەی ناوچەی داودەو بەرامبەر سلێمان بەگ تاوەكوو سنوری غەڕەو قوڕی چایی”. جێگیركراون.
سەرچاوەی زانیارەكانی خواكوڕك ئەوەشی ئاشكرا كرد كە “ دوێنێ پۆلیسی نەوت لەو ناوچەیە كشاونەتەوەو ئەو هێزە چەكدارە چووەتە جێگەیان”. باسی لەوەشكرد كە پێرێ و ئەمشەوی رابردوو دووجار كۆپتەر لایان نیشتووەتەوە.
هاوكات سەرچاویەكی بەرپرسی سەربازی لەناوچەی دوزخورماتوو نەیویست ناوی بهێنرێت وتی “ئەمە هێزێكی نەناسراوە هاتووەتە سنوری دوزخورماتوو تاوەكوو سنوری قوڕی چایی و نزیك قەزای كفری”.
ئەو سەرچاوە سەربازییە رونیشیكردەوە “ پێشمەرگە لەو ناوچەیە هەیە، بەڵام نە ئەوان بەسەر ئێمەدا دێن نە ئێمەش دەچینە سنوری ئەوان”. ئەوان زیاتر لەگەڵ هێزە عێراقییەكاندا تەماسن و لەو زنجیرە چیایەن كە دەڕوانێتە شەقامی سەرەكی بەرەو بەغدا.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو هێزە چەكدارانە، ئەو سەرچاوەیە وتی “ژمارەیان زۆرەو كوردیشیان تێدایە و پێموایە ئەگەر هەیە لەم سنورە نەمێنن و بەرەو سنوری دیالە بچن”.