سەعد حەریری: لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا دەگەڕێمەوە لوبنان
دوای ئەوەی كە حزب الـلەی لوبنانی و بەر پرسانی ئێران رایانگەیاند, سەعد حەریری لە ژێر فشاری سعودیە دەستی لە كار كێشاوەتەوە ئێستا لە لایەن ئەو وڵاتەشەوە دەست بەسەرە, لە وەڵامدا سەعد حەریری لە ریازی پایتەختی سعودیەوە رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا دەگەڕێتەوە بۆ لوبنان.
سەعد حەریری، سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی لوبنان لە رێگەی توویتەری تایبەت بە خۆیەوە ئاشكرایكرد، لە دۆخێكی “زۆر باشدایە” و لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا دەگەڕێتەوە وڵاتەكەی.
رۆژی 4ـی ئەم مانگە، سەعد حەریری لە سعودیەوە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی لوبنان راگەیاند و ئێران و حیزبوڵڵای بە دەستێوەردان لە وڵاتەكەی تۆمەتباركرد.
دوابەدوای راگەیاندنی دەستلەكاركێشانەوەكەی و مانەوەی لە ریاز، گومانی زۆر لە سەر هۆكارەكانی دەستلەكاركێشانەوەكەی و نەگەڕانەوەی بۆ لوبنان دروستبوو. حەریری خۆی رایگەیاندبوو هەڕەشە لە سەر ژیانی هەیە.