لە سلێمانی نەجمەدین كەریم سەردانی كۆسرەت رەسول دەكات
نەجمەدین كەریم بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە تەندروستی كۆسرەت رەسول سەردانی سلێمانی دەكات و دەڵێت “هەمووكاتیك كاك كۆسرەت گیان فیدای رێگای رزگاری گەلەكەمان بووە و داستان و شۆڕش نەبووە خوێنی تێدا نەڕشتبێت”.
رۆژی دووشەممە 13-11-2017، لە نەخۆشخانەی فاروق لە شاری سلێمانی نەجمەدین كەریم، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانی كۆسرەت رەسول، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد.
سەردانی نەجمەدین كەریم بۆ لای كۆسرەت رەسول بەیاوەری دەرباز كۆسرەت رەسول بووە و رایگەیاندووە “هەڤال كۆسرەت رەسول جگە لەوەی جێگری یەكەمی سكرتیری یەكێتیی یە، پێشمەرگەیەكی قارەمانە و پیاوێكی پۆڵایە و شاخێك بووە لەپێش دووژمنانی گەلەكەمان”.
نەجمەدین كەریم دەشڵێت “هەمووكاتێك كاك كۆسرەت رەسول گیان فیدای رێگای رزگاری گەلەكەمان بووە و داستان و شۆڕش نەبووە كە خوێنی تێدا نەڕشتبێت، بۆیە لەخودا داوكارین كە بەزووترین كات باری تەندروستی باشبێت و بۆ نەتەوەكەمان بیهێڵتەوە”.
رۆژی شەممە 11-11-2017 كۆسرەت رەسول رەوانەی نەخۆشخانە كرا و بەگوتەی وەزیری تەندروستی نەخۆشییەكەی گیرانی خوێنبەرەكانی ریخۆڵەكانی بووە و نەشتەرگەری بۆ كراوە.
لە رۆژی نەخۆشكەوتنییەوە، جگە لە هاونیشتمانیان، شاندی حیزب و لایەنە سیاسییەكان سەردانی نەخۆشخانە دەكەن و هەواڵی تەندروستی كۆسرەت رەسول دەپرسن.