سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان, نامەیەك بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەنێرێت
بەڕێز ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نامەیەكدا بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پشتگیریی خۆی بۆ دیالۆگێكی سیاسی لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15/11/2017 لە دیدارێكدا كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانیش ئامادەیی بوو، بەڕێز یان كۆبیش نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق نامەكەی گەیاندە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و تیایدا بەڕێز گۆتێریس خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە بەوەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق لە چەندین بۆنەدا ئامادەییی خۆیان بۆ گفتوگۆ نیشان داوە.
بەڕێزیان ئامادەییی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ هاوكاری لە گفتوگۆی نێوان هەردوولادا دەربڕیوە و دەڵێت: “هەردوولا هان دەدەم كە هەنگاوی پێویست بنێن بۆ دابینكردنی زەمینەیەكی لەبار لەپێناو دەسپێكردنی دانوستانێكی ڕاستەقینە”. هەروەها دووپاتی كردۆتەوە “كاتێك كە هێشتا هەڕەشەی داعش لەسەر ناوچەكە ماوە، لەپێناو ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و دابینكردنی زیاتری سەقامگیریدا، دەبێ لەم دۆخەدا ڕێ لە ناسەقامگیری بگیرێت”.
لە دیدارەكەدا بەڕێز یان كۆبیش دەستخۆشی لە هەوڵەكانی هەولێر و بەغدا بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان كرد و هەموو هاوكارییەكی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەمبارەیەوە نیشان دا. بەڕێز نێچیرڤان بارزانییش سوپاسی سەردانەكە و نامەی بەڕێز سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد، جەختیشی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە ئامادەیە هەموو كێشەكان لەگەڵ عێراق بە دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكات.