سیناتۆرێكی ئەمریكی داوای پەلەكردن لە گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدا دەكات

 

سیناتۆر ماركۆ روبیۆ لەگەڵ فەلاح مستەفا كۆبووەوە و جەخت لەسەر دەستپێكردنی گفتوگۆ لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق دەكاتەوە.

نووسینگەی رۆژنامەڤانی ماركۆ روبیۆ، سیناتۆری كۆمارییەكان توویتێكی كردووە و وێنەی ماركۆ رۆبیۆ و فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بڵاوكردووەتەوە.

سیناتۆر ماركۆ روبیۆ رایگەیاندووە “گفتوگۆیەكی باشمان لەگەڵ فەلاح مستەفا، وەزیری دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەربارەی ئاسایشی ناوچەكە و چالاكییە خراپەكانی ئێران كرد”.

سیناتۆرەكەی فلۆریدا، كە ركابەری دۆناڵد ترەمپیش بوو بۆ بوون بە كاندیدی پارتی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە ساڵی 2016، باس لەوەشدەكات “گرنگە سەركردەكانی بەغدا و هەولێر كارئاسانی بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ بكەن بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ هەموو عێراق”.

لە كۆبوونەوەكەدا بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتن بەشدار بووە.

ئەو كۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی گفتوگۆكانی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە واشنتن، كە لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی وەزارەتی دەرەوە و سیناتۆر و كۆنگرێسمان كۆبووەتەوە و كۆبوونەوەكانیشی بەردەوامن.

Back to top button