ڕاگەیاندراوێك لە پەرلەمانی كوردستانەوە

دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆیی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (خواكوڕك) كەوتووە، تێدا ئاماژە بەوە دەدات كە پەرلەمانی كوردستان كە نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان دەكات بە پێویستی دەزانێت بۆ دووركەوتنەوە لە زمانی ھەرەشە و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو لەنێوان ھەردوولا ھەرچی زووە دەرفەتی دانووستاندنی راشكاوانە بڕەخسێندرێت و حكوومەتی فیدڕاڵی دووربكەوێتەوە لە راگەیەندراوی میدیایی و راڤەكردنی تاكلایەنانەی ماددە دەستوورییەكان بەبێ وەرگرتنی راو سەرنجی لایەنی ھەرێمی كوردستان.

لە راگەیەندراوەكەدا، ئەوەش خراوەتە روو: “وەك لە بەشێكی لێدوانەكانی رۆژی 14/11/2017ی بەڕێز عەبادی-دا دەبیندرێت زمانی ھەرەشە و ھەنگاوی یەكلایەنانە گومان دەخاتە سەر نییەتی فەڕمیی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ھێشتنەوەی دۆخەكە بەمجۆرەی ئێستا كە ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا و رێككەوتنە ھاوبەشەكانە”.

پەرلەمانی كوردستان، ھۆشداری ئەوەشی داوە: “لەمڕووەوە پەرلەمانی كوردستان ھۆشداریی تەواوەتی دەدەین لە زیاتر دواخستنی دانووستاندنەكان و ئەو شێوازی ھەڕەشانەی بەرامبەر ھەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بەوەی خزمەت بە دۆخەكە و پابەندبوون بە دەستوور ناكات”.

دەقەی راگەیاندراوەكەی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان:

ھەروەك ئاشكرایە رۆژی 14/11/2017 ، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كۆمەڵێك بابەتی ورووژاند كە مایەی ھەڵوەستە لەسەركردنە، پەرلەمانی كوردستان كە نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان دەكات بە پێویستی دەزانێت بۆ دووركەوتنەوە لە زمانی ھەرەشە و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو لەنێوان ھەردوولا ھەرچی زووە دەرفەتی دانووستاندنی راشكاوانە بڕەخسێندرێت و حكوومەتی فیدڕاڵی دووربكەوێتەوە لە راگەیەندراوی میدیایی و راڤەكردنی تاكلایەنانەی ماددە دەستوورییەكان بەبێ وەرگرتنی راو سەرنجی لایەنی ھەرێمی كوردستان.

لەبەر رۆشنایی سەرجەم ئەو بڕیار و راگەیەندراو و لێدوانە فەڕمییانەی كە لەماوەی رابردوو لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڵاوكراونەتەوە جەخت لەسەر یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكان كراوەتەوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئەمەش ئامادەییەكی روون و ئاشكرای ھەرێمی كوردستانە و پەرلەمانی كوردستانیش لە راگەیەندراوی رۆژی 13/11/2017 ، ئەوپەڕی پشتیوانیی خۆی بۆ ھەرچی زووتر دەستپێكردنی دانووستاندنەكان دووپاتكردۆتەوە و بەھەموو شێوەیەك پاڵپشتی لە ھەر ھەنگاو و رێكارێك دەكات كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە گونجاوی دەزانێت و سەر پشكی كردووە لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیی گەلی كوردستان و كۆتاییھێنان بە ناكۆكییەكان.

بەڵام وەك لە بەشێكی لێدوانەكانی رۆژی 14/11/2017ی عەبادیدا دەبیندرێت زمانی ھەرەشە و ھەنگاوی یەكلایەنانە گومان دەخاتە سەر نییەتی فەڕمیی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ھێشتنەوەی دۆخەكە بەمجۆرەی ئێستا كە ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا و رێككەوتنە ھاوبەشەكانە.

 

لەمڕووەوە پەرلەمانی كوردستان ھۆشداریی تەواوەتی دەدەین لە زیاتر دواخستنی دانووستاندنەكان و ئەو شێوازی ھەڕەشانەی بەرامبەر ھەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بەوەی خزمەت بە دۆخەكە و پابەندبوون بە دەستوور ناكات.

 

بنەمای لێكگەیشتنی ھاوبەش لە چوارچێوەی دەستووردا تەنھا دانووستاندنە بەشێوازێكی دۆستانە و راشكاوانە لەگەڵ یەكتری نەوەك تاكلایەنانە بڕیاردان.

 

بۆیە پێویست بوو حكوومەتی فیدڕاڵی لە بەرامبەر وەڵامی ئەرێنیی و دەستپێشخەرییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە لە رۆژی 14/11/2017، بەڕوونی و نووسراوی فەڕمی لە راگەیەندراوی خۆیدا بڵاوكردەوە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتگیریی كرد ھەڵوێستێكی ئەرێنیی تریان ھەبوایە و دەرگا بۆ دانووستاندنەكان واڵابكرابایە كە ئەمەش خزمەت بە سەرەوەریی یاسا و پاراستنی دەستوور دەكات.

 

لە كۆتاییدا..

پەرلەمانی كوردستان جەخت دەكاتەوە مافەكانی گەلی كوردستان كە لە دەستووری عێراقدا ھاتوون روون و رەوایە و داكۆكییان لێدەكەین و پێویستە پارێزراوبن. ھەموو رێككەوتنەكانیش كە لە رابردوودا ئەجام دراون لە نێوان ھەردوولادا بەگشتی ببنە بنەمای دانووستاندنێكی بەرھەمدار، بە پێچەوانەوە ھەروەك لە راگەیەندراوی ھاوبەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستاندا ھاتووە لە رۆژی 13/11/2017 ، بژاردەی كشانەوەی نوێنەرانی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق كراوەیە و پەرلەمانی كوردستان دەستەبەری كۆدەنگیی بۆ دەكات ئەگەر حكوومەتی عێراق دەرفەتی دانووستاندن و لێكتێگەیشتنی ھاوبەش نەدات لە چوارچێوەی دەستووردا.

 

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان-عێراق
15/11/2017

Back to top button