ئەمەریكا گروپێكی حەشدی شەعبی دەخاتە لیستی تیرۆرەوە
رۆژی چوارشەممە كۆنگریسی ئەمەریكا رایگەیاند، بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی تیرۆریستیە و پێویستە لەماوەی 90 رۆژدا ئەو گروپە قەدەغەبكرێت.
ماڵپەڕی فەرمی كۆنگرێسی ئەمەریكا راپۆرتێكی لەبارەی “یاسای كۆنگرێسی ئەمەریكا بۆ قەدەغەكردنی شوێنكەوتووانی ئێرانی لە ناوچەكە بۆ ساڵی 2017” بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند، پێویستە لەماوەی 90 رۆژدا سەرجەم ئەو كەس و لایەنانەی فەرمان لە ئێران وەردەگرن قەدەغە بكرێن. وەك راشگەیندراوە، رەشنووسی یاساكە بۆ كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا بەرز كراوەتەوە.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، كۆنگرێس لەڕێگەی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی پشتڕاستی كردۆتەوه، كە مەشق و بودجە و پڕچەككردنی گروپی “نوجەباو” لەلایەن فەیلەقی قودسی ئێرانی و پاسەوانی شۆڕشی ئێرانیەوە دەكرێت و حزبوڵڵای لوبنانیش ئەركی سەرپەرشتی مەشقدانی ئەو بزووتنەوەیەی لەئەستۆ گرتووە.
ماڵپەڕی كۆنگرێس ئاماژەی بەوەشكردووە “نوجەباو” چەندین چەكداری بۆ بەرگریكردن لە رژێمی بەشار ئەسەد رەوانەی سووریا كردووە، یەكێك لەو پرۆسانەی كە لە سووریاش بەشدارییان تێدا كردوە، گەمارۆدانی شاری حەلەب بووە.
كۆنگرێس لەو راپۆرتەدا “ئەكرەم ئەلكەعبی” ئەمینداری گشتی ئەو بزووتنەوەیەش بە هەرەشەكردن لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق تۆمەتبار دەكات، ئاماژە بەوەش دەكات، ئەلكەعبی لە ساڵی 2008 بەشداری لە تۆپبارانكردنی ناوچەی نێودەوڵەتی ناسراو بە ناوچەی سەوز لە شاری بەغدادا كردووە.
جگە لە كەعبیش، كۆنگرێس لەو راپۆرتەدا جەختی كردۆتەوە، تەواوی سەركردەكانی دیكەی حەشدی شەعبی بە فەرمانی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران رەفتار دەكەن، بەڵام كەعبی لە ساڵی 2016دا بە ئاشكرا پشتگیری خۆی بۆ حزبوڵڵای لوبنانی راگەیاندووە.
كۆنگرێس جەختیشی لەسەر پشتگیری تەواوی خۆی بۆ ئیسرائیل كردۆتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كردووە، لە ساڵی 2017دا گوتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی نوجەباو رایگەیاندبوو، لیوای نوجەباو بە ئامانجی رزگاركردنی بەرزاییەكانی جۆلانی سووریا لە دەست ئیسرائیل دامەزراوە و بزووتنەوەكەیان كار بۆ گرێنتیكردنی ئاسایشی رێگای گەیشتنی ئێران بە لوبنان دەكات، بەمەبەستی گەیاندنی هاوكاری بە حزبوڵڵای لوبنانی.
پێشتریش كۆنگرێسی ئەمەریكا رایگەیاندبوو، پێویستە ناوی هەریەك لە گروپەكانی عەسائیب ئەهلول حەق، نوجەبا و حزبوڵڵای عێراقی سەر بە حەشدی شەعبی كە فەرمان لە ئێران وەردەگرن، بخرێنە لیستی تیرۆرەوە، چاوەڕێش دەكرێت لەداهاتوودا ژمارەی ئەو گروپانە زیاتر بێت كە لەلایەن ئەمەریكاوە دەخرێنە لیستی تیرۆرەوە.