د.ئاراس خۆشناو: ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم كەمدەكرێتەوە
لەبارەی ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم، سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی كوردستان لەئەنجومەنی وەزیران رایدەگەیەنێت “بە چەند قۆناغێك، كار لەسەر كەمكردنەوەی ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم دەكرێت”.
د.ئاراس خۆشناو سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی كوردستان لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند “بەرنامەی چاكسازی حكومەتی هەرێم تەواو نەبووە، كە بەچەند قۆناغێك كاری لەسەر دەكرێت، قۆناغی یەكەم: بایۆمەتری موچەبوو، بەهۆی ئەو سیستمەوە توانراوە 153هەزار فەرمانبەرو موچەخۆر كەمبكرێتەوە، قۆناغی دووەم: راگەیاندنی خانەنشینی ئارەزوومەندایە، قۆناغی سێیەمیش پێداچوونەوەیە بەپلەی وەزیفی ئەوانەی كە لەئاستی خۆیان زیاتریان هەیە”.
سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی كوردستان وتیشی: بەپێی دواین راگەیەنراوی حكومەتی هەرێم، 244656 خانەنشین هەیە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی ئێمە لەوانەیە 70 بۆ 80 هەزاری خانەنشینی ئاسایی بێت، كە فەرمانبەری ئاسایبووەو بەمافی خۆی خانەنشین بووە، ئەوانی دیكەی بەشی هەرەزۆری ئەو خەڵكانەن كە لەلایەن هەموو حزبەكانەوە خانەنشینكراون، بۆیە دەرفەت هەیە تاوەك 100هەزار موچەخۆر لەخانەنشینان كەمبكرێتەوە.
د.ئاراس خۆشناو ئاشكرایدەكات، بەپێی دەستوورو یاسا ناتوانرێت موچەی كەس ببڕێت، بۆئەوەی نەبێتە موزایەدەی سیاسی، بۆیە پێویستە بە ڕێككەوتنی لایەنەكان بڕیار لەكەمكردنەوەی ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم بدرێت.
سەبارەت بەژمارەی فەرمانبەرانی هێزە ئەمنییەكان، ناوبراو دەڵێت: ژمارەی فەرمانبەرانی هێزە ئەمنییەكان هیچ كێشەیەكی تێدا نییە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەهەموو دەزگاكانییەوە كە حەوت دەزگای فەرمی هەیە،(ئاسایش، دژە تیرۆر، هێزی ئامادە، هەواڵگری، قەڵاچۆكردنی مادەی هۆشبەرو دژە گەندەڵی)، كۆی گشتی فەرمانبەرانی ئەو دەزگایانە ناگاتە 40 هەزار فەرمانبەر.
سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی كوردستان وتی: كێشە لەوەزارەتی پێشمەرگەو پاسەوانی بەرپرسەكاندا هەیە، بەڵام ئێمە هیچ زانیارییەكمان لەوبارەیەوە نییە.
د.ئاراس خۆشناو ئاماژە بەوە دەكات، ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم ملیۆنێك و 249481 موچەخۆرە، عیراقیش زیاتر لەشەش ملیۆن موچەخۆری هەیە، بۆیە ئەگەر هەرێم بەراورد بكرێت بەعیراق، عیراق كەمێك باشترە لەهەرێم.