روونكردنه‌وه‌یه‌كی تر ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی دژی روونكردنه‌وه‌ی پێشووتری

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ ته‌واوی بڵاو كراوه‌كه‌ی پێشووتر كه‌ له‌چه‌ند میدیایه‌ك بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ره‌د ده‌كاته‌وه‌، وه‌ك له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، به‌رێز د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم، هیچ دۆسیه‌یه‌كی له‌سه‌ر ساخ نه‌بۆته‌وه‌، تا له‌ژێر ئه‌و دۆسیانه‌دا له‌ پارێزگاری كه‌ركووك دوربخرێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ست ده‌كرێت كه‌ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌كه‌ش خراوه‌ته‌ پاڵ به‌رێز د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم هاوشێوه‌ی سزا ناحه‌قیه‌كانی به‌غدا دژ به‌هه‌رێمی كوردستان بێت.
هه‌ر له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌”هیچ ئۆرگانێكی یه‌كێتی بریاری دوورخستنه‌وه‌ی به‌رێز د.نه‌جمه‌دین كه‌ریمی نه‌داوه‌، نازانین كێن ئه‌وانه‌ی بریار له‌سه‌ر ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌ده‌ن دووریان ده‌خه‌نه‌وه؟.
ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌..
 
روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێته‌وه
 
شه‌وی 16 له‌سه‌ر 17ی 11ی 2017، روونكردنه‌وه‌یه‌ك به‌ناوی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌سه‌ر دیمانه‌یه‌كی به‌رێز د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارێزگاری كه‌ركووك بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ له‌كاتێكدا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ئاگادار ئه‌و روونكردنه‌وه‌یه‌ نین پرسیان پێنه‌كراوه‌، كه‌ له‌ژێر ناوی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش نه‌ك رێز نه‌گرتنه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌ڵكو هه‌وڵدانێكه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی كێشه‌كانی یه‌كێتی و په‌رته‌وازه‌ی ناو یه‌كێتی، وه‌ هه‌روه‌ها هه‌وڵدانه‌ بۆ شێواندنی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی مامی گه‌وره‌مان، وه‌ پێمان وایه‌ ئه‌مه‌ هه‌وڵێكی تره‌ بۆ زیاتر تێكدانی نێوماڵی یه‌كێتی و ئاراسته‌ كردنی بۆ ناو كێشه‌ی قوڵتر و ناكۆكی زیاتر، ئێمه‌ لێره‌وه‌ وه‌كو ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی چه‌ند بڕیارێك له‌و روونكردنه‌وه‌یه‌ ره‌د ده‌كه‌ینه‌وه‌.
یه‌كه‌م، به‌رێز د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم، هیچ دۆسیه‌یه‌كی له‌سه‌ر ساخ نه‌بۆته‌وه‌، تا له‌ژێر ئه‌و دۆسیانه‌دا له‌ پارێزگاری كه‌ركووك دوربخرێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ست ده‌كرێت كه‌ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌كه‌ش خراوه‌ته‌ پاڵ به‌رێز د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم هاوشێوه‌ی سزا ناحه‌قیه‌كانی به‌غدا دژ به‌هه‌رێمی كوردستان بێت.

دووه‌م: هیچ ئۆرگانێكی یه‌كێتی بریاری دوورخستنه‌وه‌ی به‌رێز د.نه‌جمه‌دین كه‌ریمی نه‌داوه‌، نازانین كێن ئه‌وانه‌ی بریار له‌سه‌ر ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌ده‌ن دووریان ده‌خه‌نه‌وه؟.
سێهه‌م: ئێمه‌ وه‌ك ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین وه‌ پێمان وایه‌ ده‌بێت لێژنه‌ی لێكۆلینه‌وه‌ له‌كاره‌ساتی 16ی ئۆكتۆبه‌ر شاری كه‌ركووك دروست بكرێت و تاوانباران سزا بدرێن.
لێره‌وه‌ به‌هه‌مووڵایه‌كی راده‌گه‌ێنن، كه‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ی بڵاو نه‌كردۆته‌وه‌، وه‌ گومانمان هه‌یه‌ چه‌ند كه‌سێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌ناوی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ئه‌و روونكردنه‌وه‌یان بڵاو كردبێته‌وه‌، كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ئاگادار ئه‌و روونكردنه‌وه‌ نین و جارێكی تر دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ به‌رێز د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری شه‌رعی كه‌ركووكه‌ ، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیه‌، هه‌ركه‌سێك به‌ڵگه‌یه‌كی له‌سه‌ر هه‌یه‌ ده‌توانێت له‌ دادگا یه‌كڵا بكاته‌وه‌، داواش ده‌كه‌ین چیتر ناوی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بۆ دژایه‌تی تێكۆشه‌رانی یه‌كێتی به‌كار نه‌هێنرێت.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
۱٦_۱۱_۲٠۱۷
ده‌قی روونكردنه‌وه‌ی پێشووتر..

سەركردایەتی یەكێتیی روونكردنەوەیەكی لەسەر لێدوانەكانی نەجمەدین كەریم بڵاوكردەوە

دەقی روونكردنەوەكە:

رونکردنەوەیەک لەسەر دواچاوپکەوتنی نەجمەدین کەریمەوە
له‌چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا، نه‌جمه‌دین كه‌ریمی پارێزگاری لادراوی كه‌ركوک کە لە شەوی ۱٥_۱۱_۲٠۱۷ بڵاوکرایەوە، له‌سه‌ر رووداوه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردووی كه‌ركوك تا به‌ ئێستا ده‌گات، چه‌ندین قسه‌و روونكردنه‌وه‌ی بێ بناغه‌و دوور له‌هه‌موو ماناكانی ڕاستی به‌ ئامانجی ده‌ربازبوونی خۆی له‌ده‌یان دۆسێی گه‌نده‌ڵی و شكستی ئیداری خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ بێگومان كارو كرده‌وه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی ئیداری و وابه‌سته‌بوونی به‌ ئه‌جندایی لایه‌نێكی سیاسی دیاریكراو و دوركه‌وتنه‌وه‌ی له‌ سیاسه‌تی چه‌پكه‌ گوڵەكه‌ی مام جه‌لال و چاندنی تۆوی دووبه‌ره‌كی و تێكدانی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌شاری كه‌ركوك، له‌پاڵ سه‌دان دۆسێی حاشا هه‌ڵنه‌گرو سه‌لمێندراوی گه‌نده‌ڵیدا، دۆخێكی دروستكرد كه‌ كه‌ركوك و كه‌ركوكیه‌كان باجی قورسیان بكه‌وێته‌سه‌ر، پێمان وایه‌ له‌دۆخی هه‌ستیاری ئه‌مڕۆی كوردستاندا وا پێویسته‌ تواناكان به‌ ئاڕاسته‌ی پاراستنی یه‌كڕیزی كاریان پێ بكرێت و دوركه‌وینه‌وه‌ له‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ زیاتر به‌ره‌و دابه‌شبوونی نێوماڵی كوردی ئه‌مان بات، ئه‌گه‌ر نا پاراستنی كه‌ركوك له‌ شه‌ڕی داعش و بێ هه‌ڵوێستی پارێزگاری لادراو له‌به‌رگری به‌ته‌نها دینارێك بۆ پێشمه‌رگه‌و، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان و نمایشكردنی خۆی وه‌ك نه‌ته‌وه‌ییه‌كی عه‌یار 24 و ته‌خشان و په‌خشان كردنی پاره‌ی كه‌ركوكیه‌كان و دروستكردنی تۆڕێك له‌ به‌ڵێنده‌ری تایبه‌ت به‌ خۆیی و بێ به‌شكردنی كه‌ركوكیه‌كان له‌ داهاتی شاره‌كه‌یان و تا ساخبوونه‌وه‌ی ده‌یان دۆسێی گه‌نده‌ڵی و سه‌دان كاری ئه‌منی و خراپه‌كاری له‌ كه‌ركوك و په‌یوه‌ندییه‌ ژێربه‌ژێره‌كانی جارێك له‌گه‌ڵ میتی تورك و جارێك له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی بەغداد و تا ئه‌گات به‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ ناساندنی كه‌ركوك وه‌ك هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ، تێكڕا پێكه‌وه‌ به‌سن تا ده‌ری بخه‌ن پارێزگاری له‌سه‌ر كار لادراو چه‌نده‌ باری سه‌ر شانی به‌ خیانه‌ت و گه‌نده‌ڵی و تێكه‌ڵاوبوونی به‌ ئه‌جندای ده‌ره‌كی قورسكردووه‌، كه‌ ته‌نها كه‌یسێك له‌مانه‌ به‌سن نه‌ك ته‌نها له‌ یه‌كێتی به‌ڵكو وه‌ك هاوڵاتیه‌كی كوردستانیش ناسنامه‌ی لێ وه‌ربگیرێته‌وه‌و دادگایی بكرێت.
پارێزگاری له‌سه‌ر كار لادراو چۆن باسی خیانه‌ت و پاكی تێكۆشه‌ره‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ئه‌كات، له‌كاتێكدا ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ زیاد له‌سێ ساڵه‌ كه‌ركوكیان له‌ مه‌ترسیدارترین دوژمنی مرۆڤایه‌تی كه‌ داعشه‌ پاراستووه‌، خه‌ڵكی كه‌ركوك شایه‌تی خۆڕاگری و ڕۆڵی باڵای مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكن شان بە شانی هێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆر و ئاسایش له‌ پاراستنی شاره‌كه‌یان، كێ خیانه‌تی كردووه‌ له‌ كه‌ركوك، ئه‌ی جه‌نابیان گوێبیست نه‌بوون (كاك مسعود) ده‌یان جار رایگه‌یاندووه‌ ئه‌وه‌ی روویدا پلانێكی نێوده‌وڵه‌تی بوو ئێران و توركیاو عێراق به‌ هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وزی ئه‌مریكا ئه‌نجامدرا، یان تۆ به‌ دیمه‌نی وێرانبوونی شاری كه‌ركوك سه‌رمه‌ست و دڵخۆش ده‌بیت، ئه‌گه‌ر تۆ پێشمه‌رگه‌ی مام بویت له‌شه‌وی مئامه‌ره‌كه‌دا بۆ ده‌سته‌ی پاسه‌وانی خۆتت سه‌رپشك كرد كێ له‌گه‌ڵت دێت بۆ هه‌ولێر، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی پە‌ڕێزت پاك بوو، ڕێگای هاوڕێكانت بۆ بەرگری به‌ سلێمانی دا بوو نه‌ك هه‌ولێر.
له‌ كۆتایدا پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی حیزبی له‌گه‌ڵدا بكرێت و هه‌ریه‌كه‌ له‌و دۆسێی گه‌نده‌ڵی هه‌ڵوێست تۆماركردنانه‌ی كه‌ وه‌ك نمایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵاو ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی شكسته‌كانی له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا ئه‌نجامی داون له‌ حزب ده‌ربكرێت و پاشان له‌ڕێگای دادگایه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی دادگایی بكرێت.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
۱٦_۱۱__۲٠۱۷

Back to top button