نامه‌یه‌ك له‌ كوره‌ شه‌هیدێك بۆ قوباد تاڵه‌بانی

نامەیەک بۆ مامی بچووک قوباد تاڵەبانی
 
کوڕە شەهیدێک
 
 
مامی بچووک ئەمشەو زیاتر لە مانگێکە وێنەی ئەو پێشمەرگانە لە چاوم ون نابێت کە لە پێشەوەی بەرەکانی جەنگ، بەرەبەیانێکی زوو بە گریانەوە بە فەرمانی دایکت و کاکت و ئامۆزاکانت بەرەکانی جەنگییان جێهێشت و لەگەڵ هەڵوەرینی فرمێکسییان گەرووی ئێمەیان پڕ لە گریان و چاوەکانمانیان پڕ لە فرمێسکی قەتیسما و کرد. گەورە و بچووک، ژن و پیاو، دڵدار و دڵشکاو هەموو پێکەوە دامانە گریانێک کە هاوارەکەی گەیشتە هەموو کون و قوژبنێکی دنیا جگە لە کۆشکەکەی تۆ. من هیچکات لەبەردەم کوڕەکەمدا نەگریاوم ئەو بەیانییە بەجۆرێک لەبەردەم کوڕەکەمدا دڵشکاوانە گریام، کە نەخۆم و نە کوڕەکەشم ئەو خیانەتەی تۆ و دایکت و کاکت و ئامۆزاکانت لە یاد ناکەین و ناکات.
 
قوربان، شەو نییە خەیاڵم نەبەمەوە کووچەکانی ڕەحیمئاوا و شۆڕیجە و پەنجاعەلی، بیر و هۆشی من لە کۆڵانەکانی دوزخورماتوو دەسوڕێتەوە. شەو نییە وێنەی ئەو کوڕوکاڵە گەرمیانییانەم نەیەوە پێشچاو کە شەرەفمەندانە دەیانویست شەرەفی دۆڕاوی تۆ و دایکت و کاکت و ئامۆزاکانت بکڕنەوە. هیچکات ئەو وێنانەم لەبەرچاو ون نابن، نەک تەنها لە پێشچاوی من بەڵکو لە پێش چاو و هزر و خەیاڵی زیاتر لە چل ملیۆن کورد ون نابن.
 
 
کوڕە بچووکەکەی مام، شەو نییە ڕۆحم ئاوێزانی ڕۆحی ۱۸٠هەزار ئەنفال نەکەم، پێکەوە لە بیابانەکانی عەرعەرەوە سەیری ئێسک و پروسکی بێ کەسی خۆمان دەکەین کە تێکەڵ بە لم و تۆز و گەردی بیابان بووە، تەماشای ئەو هەموو جەستە بێ گۆڕە، تەماشای بێ کەسی کوردبوونی خۆمان دەکەین. لەگەڵ ڕۆحی قوربانیانی کیمیاباران لە باڵامبۆ و هەورامان و شنروێ و بەفری میرییەوە تەماشای ئەو هەموو تانک و زرێپۆشانە دەکەین کە جارێکی تر کاکت و ئامۆزاکانت ڕۆحی ئێمەیان خستەوە ژێر زرێکانیان و پۆستاڵە لە خوێن سوورەکانیان، تەماشای گەردنی کوردستان دەکەین کە خستتانەوە بەردەم شمشێر حسێن کوژەکان. من لەگەڵ ڕۆحی سەدانهەزار شەهید لە سەرگەڵووەوە بەرەو بابەگوڕ، لە بارزانەوە بەرەو کوڵەجۆی گەرمیان، باس لە فرۆشتنی خوێنی سەدەیەک قوربانی و خاکی ٤٠ملیۆن کورد دەکەین لەلایەن ئێوەوە.
 
مامە بچکۆلەکە، من مانگێکە هەموو شەوێک بیر دەکەمەوە، گەر من لە باتی تۆ بایام هەر زوو دەهاتمە سەر شاشەی تیڤییەکان و بە هەموو کوردستانیانم دەگوت، ئەوەی ڕوویدا خیانەت بوو لە نیشتمان، خیانەتبوو لە خوێنی سەد ساڵ قوربانیدان، لە پاش داوای لێبووردنیش گوللەیەکم دەنا بەنێوچاوی خۆمەوە تا بۆ مێژووی بسەلمێنم کە من بەشێک نەبووم لە خیانەتی خێزان و بنەماڵەکەم، نەک ئاوا بێدەنگ و بێ هەڵوێست.
 
جەنابی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئیدی ئێوە و ماڵباتەکەت پاڵەوانانە نامرن. ئیدی گردەکانی ئەم وڵاتە نابنە مەنزڵگای ئێوە، وەک باوک و باپیرتان. ئێوە دەبێت بەرلەوەی پاشایانە بژین و بمرن بدرێنە دادگای گەل، لە باتی هەر دڵۆپە خوێنێکی کە سەد ساڵە بۆ سەربەخۆیی ڕژاوە سزا بدرێن، سزا بدرێن و لە کانە بەردەکانی ئەم وڵاتەدا هەڕەمێک بە بڵندی و گەورەیی خیانەتەکانتان لە بەردی هەڵکەندراوی دەستی خۆتان دروست بکەن، هەر لەو هەڕەمەدا تەواوتان لە سێدارە بدرێن و جەستەتان وەک فیرعەونەکان مۆمیا بکرێت و لە مۆزەخانەی ئەو هەڕەمانەدا دابنرێن، تاوەک نەوەکانی ئاییندە بزانن سزای خائین و خیانەتکاران لە نیشتمان چییە و چۆنە.
Back to top button