پارتی بۆ عەبادی: زیاتر بەسەر شاخدا سەرمەكەوە بەردەبیتەوە
لەدوای ڕاگەیەنراوەكەی حكومەتی هەرێم ، فراكسیۆنی پارتی لەبەغدا پەیامێك ئاراستەی حەیدەر عەبادی دەكات و ڕایدەگەیەنێت، “ئەگەر عەبادی لەوەزیاتر بەسەر شاخدا سەربكەوێت، ئەوا بەدیوەكەی دیكەدا دەكەوێتە خوارەوە”، جەختیشدەكاتەوە لەسەر دەستوریشبونی داواكاریی بەغدا بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكان.
تارق گەردی پەرلەمانتاری پارتی لەئەنجومەنی نوێنەران ڕاگەیاند، “دانپێدانانی حكومەتی هەرێم بەیەكپارچەیی عیراق، ڕێزگرتنە لەدەستورو بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، هەر ئەم هۆكارەش وایكرد ڕاگەیەندراوەكە لەلایەن بەغداو لایەنە سیاسییەكانی عیراقەوە وەك دەوڵەتی یاساو ڕەوتی حیكمە پێشوازیی لێبكرێت”.
سەبارەت بەڕیفڕاندۆم و ئەنجامەكەی وەكو ئەوەی عیراق داوای هەڵوەشاندنەوەی دەكات، گەردی جەختیكردەوە، “دەستەواژەكانی سڕكردنی ڕیفڕاندۆم یاخود هەڵوەشانەوە یان هەڵپەساردنی، هەموو ئەمانە یەك واتای هەیە، چونكە هەر پرۆسەیەك كار بەئەنجامەكەی نەكرێت، پرۆسەكە هیچ ڕۆڵێكی نابێت”.
بەوتەی پەرلەمانتارەكەی پارتی لەبەغدا، ئەگەر هەرێم پابەندی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عیراق بێت، ئەوە بەمانای ئەوەدێت ڕێزیگرتوە لەداواكاریەكانی حكومەتی عیراق، “بۆیە پێوستە لەسەر بەغداش ئەركەكانی خۆی بەجێبهێنێت”.
پەیامێكیشی ئاراستەی عەبادی كردو وتی:”داوا لەعەبادی دەكەم لەوە زیاتر بەسەر شاخدا سەرنەكەوێت، چونكە لەئەنجامدا بەدیوەكەی دیكەدا دەكەوێت، بۆیە پێویستە عەبادی و حكومەتەكەشی نەرمی بنوێنێت، دەبێت ئەوەش بزانن جگە لەگفتوگۆ هیچ ڕێگەیەكی دیكە نییە”.
سەبارەت بەداواكاریەكانی بەغدا بۆ كۆنترۆڵكردنی خاڵە سنوریەكان، پەرلەمانتارەكەی پارتی تەئكیدیكردەوە، “ئەو داواكاریە دەستوریە، چونكە بەگوێرەی مادەی 110ی دەستوری عیراق پێویستە خاڵە سنوریەكان و مەرزەكان لەلایەن بەغداوە بەڕێوەببرێن، لەبەرئەوە پێویستە ئەو ناكۆكیانەش چارەسەربكرێن و ئەو ناوچانە بدرێت بەهێزێكی هاوبەش و بەغدا سەرپەرشتی بكات”.