حەشدی شەعبی لە شنگال دەكشێتەوە
دوای تێپەڕ بوونی مانگێك بەسەر داگیركردنی شەنگاڵ لە لایەن سوپای پاسداران و حشەدی شەعبی, فەماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان لە شنگال دەڵێت، ئێستا حەشدی شەعبی بنكەكانی خۆی لە شنگال دەكشێنێتەوە و دەچنە دەرەوەی شار.
(حەیدەر شەشۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە: ”ئێستا حەشدی شەعبی بنكەكانی خۆی لە شنگال دەكشێنێتەوە و دەچنە دەرەوەی شار و ئەو بارەگایانەی كە حەشد دەستیان بەسەردا گرتوون. ئێستا چۆڵیان دەكات.”
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان لە شنگال گوتی: ”حەشد كە هاتبوو بۆ شنگال بە ناشەرعی دەستی بەسەر بارەگاكانی پێشمەرگە و فەرمانگە حكومییەكاندا گرتبوو، بەتایبەت بارەگای فەرماندەیی پێشمەرگە، بەڵام لە دۆێنێوە هەموویان چۆڵ كردوون و چوونەتە باشووری شنگال و بڕیارە تا سەری ئەم مانگە تەواوی شنگال بەجێ بهێڵن.”
ئەو گوتیشی: ”بە هیچ شێوەیەك كرداری حەشدی شەعبی لە شنگال جێگای قبووڵ نییە و قبووڵیش ناكرێت، چونكە ئەوان بە شێوەیەكی ناشەرعیانە هێرشیان كردە سەر ناوچە كوردستانییەكان و پێشێلكارییان لەو ناوچانەدا كرد.”