مالیكی: تاوانبارانی هەڵاتوو بوونەتە چەكداری حەشدی شەعبی

 

باڵیۆزی شانشینی بەحرەین لە عێراق رایدەگەیەنێت، كە چەندین تاوانباری هەڵاتوو لە بەحرەین هاتوونەتە عێراق و بوونەتە چەكداری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی.
سەڵاح ئەلمالكی، باڵیۆزی بەحرەین لە بەغدا لە چاوپێكەوتنێكی ماڵپەڕی (ئەلغەد پرێس)دا رایگەیاندووە، بەڵگەیان هەیە، كە ئەو تاوانبارە بەحرەینیانەی لە وڵاتەكەیان داواكراون، لە نێوان عێراق، لوبنان و ئێراندا هاتوچۆ دەكەن.

سەڵاح ئەلمالكی هەروەها رایگەیاندووە، ئەو كەسانە، بە یاسای تیرۆر لە بەحرەین داواكراون و هەڵاتوون، ئێستاش چەكداری میلیشیا جیاوازەكانی حەشدی شەعبین و چەندین جار وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی خۆیان لەناو ئەو میلیشیایانە، بڵاو كردووەتەوە.

هەروەك حكوومەتی بەحرەین رایگەیاندووە، ئەو كەسانەی لەو وڵاتە هەڵاتوون، زۆربەیان هاووڵاتیی شیعەمەزهەبن و ”بە دەست لەپشتدانی ئێران“، هەوڵی ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستییان لە بەحرەین داوە.

Back to top button