وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پەیوەندی بە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە دەكات

.

ماڵپەری فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە كە ڕێكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی دەكاتەوە كە واشنتۆن لە پەیوەندیی بەردەوامدایه لەگەڵ بەغدا و حكوومەتی عێراق هاندەدات زەمینەی دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی جددی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕەخسێنێت تاكو بگەن بە ئامانجێكی خوازراو

.

ئەمڕۆ شەممە 18/11/2017 لە پەیوەندیییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، تیلەرسن وێڕای پێشكەشكردنی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی و وڵاتەكەی بۆ قوربانیانی ئەو بوومەلەرزەیەی هەفتەی ڕابردوو هەرێمی كوردستانی گرتەوە، ئامادەییی وڵاتەكەیشی بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك لەمبارەیەوە نیشان دا.

 

تیلەر‌سن خۆشحاڵیی خۆی بۆ هێوربوونەوەی گرژیی هێڵەكانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان دەربڕی و دانبەخۆداگرتنی هەردوولای بۆ پاراستنی ئارامی بەرز نرخاند، هەروەها دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ڕێزگرتن لە شیرۆڤەی دادگای فیدرالی عیراق سەبارەت دەستوور، جەختیشی لە پاراستنی ئارامی كردەوە لەپێناو زەمینەسازی بۆ دیالۆگێكی جددیی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور.

 

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە ڕایگەیاندووە ئامادەیە لە دیالۆگێكی جددیدا لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق هەموو كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكات، هەروەها هیوای خواست ئەمەریكا و هاوپەیمانان ڕۆڵی خۆیان لە دەسپێكردنی دیالۆگی هەولێر ـ بەغدا بگێڕن و لەمبارەیەوە هاوكار و پشتیوان بن.

 

سوپاسی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە و سەرەخۆشیی تیلەرسن ـ ی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە كرد و ئاماژەی بەوە دا كە پێشوازی لە هەر هاوكارییەك دەكەن بۆ لێقەوماوان. جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە گەمارۆ‌ی سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان هەڵبگیرێت، بەتایبەتی كە لە بواری مرۆییدا پێویستییەكی زۆرییان هەیه،‌ چونكە‌ بەشێكی هاوكارییەكان‌ بۆ زیاتر لە ملیۆنێك و پێنجسەد هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی فڕۆكەخانانەكانەوە دابین دەكرێت.

Back to top button